کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان لە ئاوێنەی "کوردستان"دا

17:34 - 1 پووشپەڕ 2721

"کوردستان" ئەو ڕۆژنامە ڕۆژانە و مانگانە و وەرزانەیە کە دەیان ساڵە ماڵ بە ماڵی کوردستان دەستاودەست لە دەستی ئۆگرانی ئازادی و خوێنداکارنی زانکۆ، مامۆستایانی خوێندنگە، حوجرە و خانەقا، پێشمەرگە و پێشەنگانی خەبات، ئەدیبان و نووسەران و ڕۆژنامەنووسان‌دا دەگەڕێ و تۆوی ئازادی دەچێنێ و بیری ئازادیخوازی بڵاو دەکاتەوە و وەک ئاگری ئاگردانی ژوورە تاریک و قوڕینەکانی گوندەکانی کوردستان بۆ ڕۆشەنکەرەوەی ڕێگەی خەبات و نەسرەوتن و خۆنەویستی هەردەم بۆتە ڕووناکیی ڕێگەی ڕزگاری و وەک ئەستێرەیەکی پڕشنگدار درەوشاوەتەوە. "کوردستان" وەک زۆر لە ڕۆژنامە جیهانییەکان تەنیا هەواڵنامەیەکی ڕۆژانە نەبووە، بەڵکوو ڕێ‌پێشاندەری خەباتێکی بەرهەق و ڕەوا و دەنگی گەلێکی ستەمدیدە بووە. ئەو لەگەڵ گزینگی خۆری دەوڵەتی کوردی چاوی بە دنیا هەڵێنا بەڵام لە شەوەزەنگی بێدادیدا ڕۆشەنکەرەوی بیری ئازادی و ڕێگەی سەختی خەبات و تێکۆشان بوو و بوو بە پارێزەری زمان و فەرهەنگی کوردی. "کوردستان" لەنێو دڵی کوردستاندا لەو دەمەیدا کە سەرۆک کۆمارەکەی لە سێدارە دەدرا، بوو بە هیوای گەلێکی بندەست، بوو بە ورە بۆ پێشمەرگە و چرا بۆ ڕێگای تێکۆشانی تێکۆشەران و هەوێنی نەبەزین و کۆڵنەدان بۆ بەندییەکانی نێو چاڵە ڕەشەکانی بەندیخانە. "کوردستان" بوو بە ئاوێنەی باڵانوێنی خەباتێکی ڕەوا و دەنگی کپکراوی گەلێکی سەرکوتکراو و شریقەی چەکی پێشمەرگە و بیری بیرمەندانی کورد و شوێن پەنجەی گەلێک تێکۆشەر و خاوەن هزر و خامە ڕەنگین و نووسەر و سیاسەتمەدار. "کوردستان" لە کۆشک و تەلار و ژێر ڕووناکایی تێکنۆلۆژیدا نەنووسراوە و نەڕەنگاوە، بەڵکوو زۆربەی کاتەکانی ئاوارە و دەربەدەر لە ژێر میچی خانووە قوڕینەکان، لە ژوورە تاریکەکان لەژێر تیشکی لامپا و لە ئەشکەوتەکان لە ژێر ڕووناکایی ئاگردان و پەنا ڕەز و ڕەوەزێک و لە جەنگەی شەڕدا لە ژێر ڕەهێڵەی تۆپ و ژێر بۆمبی فڕۆکە بۆمب‌هاوێژەکانی دژمندا، لەژێر قەدی داربەڕوو و دارەبەنێکدا، لە پاڵ گاشەبەردێکی نیشتماندا، لەژێر سێبەری کەپر و دارهەنارێکی وەرزێرێکی دەست قەڵشیودا، لە پەنا خوان و سفرەی پیرە دایکێکی پشت‌چەماودا، لە ژێر ڕێژنەی باران و کڕێوەی بەفر و پەنا سۆبەیەکی مقەڕێکی پێشمەرگانە و زۆر جاریش لە شەوەزەنگی بێدادیدا لەژێر مەترسیی سیخوڕەکانی دژمندا بە دەست و پەنجەی مامۆستایانی خۆبەخش و دەستەبژێر نووسراوە و لە کۆڵەپشتی پێشمەرگەیەک و بەرباخەڵی وەرزێریکی گوندی‌دا بە نهێنی خۆی گەیاندۆتە خوێنەرانی. "کوردستان" یادگاری کۆماری کوردستانە، بە ئەمر و فەرمانی پێشەوای مەزن دەستی بە وەشان کردووە، پێشەنگی گڕوگاڵی مناڵان و هەڵاڵە و هاواری نیشتمان و زۆر بڵاڤۆک و ڕۆژنامە و گۆڤاری‌تر بووە. جێ پەنجەی زۆر شاعیر و ئەدیب و نووسەر و سیاسەتوانی پێوە دیارە و بە هێز و هزر و بیری کوردانە و شۆڕشگێڕانەی دەیان و سەدان تێکۆشەری کورد ڕەنگاوە و زۆر ڕۆڵە و ڕووناکبیری بە ئەمەگی لەدەست داوە. زانا و بیرمەندانی وەک قاسملوو و شەرەفکەندی، هێمن و هەژار، زەبیحی و حیسامی و میراوەیی، شەریفی و ڕەحیمی و..... زەحمەتیان پێوەکێشاوە و ئارەقەیان پێوە ڕشتووە و مەنزڵ بە مەنزڵ لە هەورازی شۆڕش لەگەڵی بوون و بۆی سووتاون و بە خەمیەوە بوون. "کوردستان" هەردەم لەژێر هەڕەشە و چەقۆی تیژی جەللادەکانی تاریک‌پەرەست و دژ بە ڕووناکیدا بووە. لە هەر ڕێگەیەکەوە کە بۆیان لوابێ ویستوویانە ئەو دەنگە زوڵاڵە ڕاستوێژ و هەقوێژە، دەنگی بەرەنگاری و بەگژداچوونەوە، دەنگی میللەتێکی بێ دەوڵەت لە گەروودا خەفە بکەن. ئەوان چ بە چەواشەکاری و خراپکاری، چ بە سیخوڕ و سەرمایە، چ بە پەلامار و پڕوپاگەندە ویستوویانە لەبەر چاوی خەڵک ڕەش و بێ ئێعتباری بکەن و، لەو ڕێگەیەدا گەلێک پلان و پیلانیان داڕشت بەڵام پیلانەکانیان بوونە بڵقی سەر ئاو و پلانەکانیان سەری نەگرت و ئاواتەکانیان بردە ژێر گڵ و "کوردستان" هەر گوڵ و هەر گوڵ مایەوە. "کوردستان" نوێنگە، بەرزەوێژ و باڵوێزی گەلێکی مافویست و بەشخوراوە، یادگار و جێ‌پەنجەی چەند نەسڵێکە و هەڵگری ئاڵای بیری نەتەوەیی و ناسیۆنالیستیی کوردە، ئەو خەزێنەی بەسەرهات و کارەساتەکان و هۆنراوەی شاعیرانە، چاوی پێنووسی پێشەنگانی ئەدەب و دەنگی کپکراوی بەندییەکانی چاڵەڕەشەکانی ساواک و حکوومەتی پاشایەتی و دەنگی ڕووخان و وێرانیی شار و گوندەکانی کوردستان، هاواری هەراوی نەورۆزی خوێناویی سنە و ٥٩ لاوی مەهابادی، شیمابارانی زەردە و سەردەشت، قەتڵوعامی خەڵکی گوندەکانی قاڕنێ، قەڵاتان، سەروکانی، حەڵبێ و کۆیکان و زۆر گوندی دیکەی شەڵاڵی خوێنی دەستی جەللادەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە. "کوردستان" دەنگی ئەو لاوانە بوو کە بوونە سەرداری سەر سێدارە و بە پەتی سێدارەوە دوایین ساتەکانی ژیانیان تێپەڕ کرد. "کوردستان" ئەرشیڤی ڕووداوە مێژووییەکانی کوردستان، دەنگی هونەر و هونەرمەندان و دەنگی کچ و کوڕ و پیاو و ژنی کوردستان و گریانی ئەو مناڵە بێناز و ناز لێشێواوانە بووە کە دایک و باوکیان لە سەنگەری بەرگریدا گیانیان بەخت کردووە. ئەو بووە بە هاوار و ناڵەی ئەو دایکانەی کە جگەرگۆشەکانیان خەڵتانی خوێن بوون. "کوردستان" فرمێسک و ئەسرینی ئەو تازە بووکانە بووە کە لە خۆشییەکانی ژیان تەنیا ئاڵقەی دەزگیرانداریەتی دەزگیرانە بێسەروشوێنەکانیان بۆ ماوەتەوە. "کوردستان" دەنگی ئەو باڵندە و گیاندارانە بووە کە بە دارستان و لێڕەوارەوە، بە ڕەز و باغ و مەزرا و بێستانی جووتیارانەوە، بە گەنم جۆ و دار هەنارەکانی لاپاڵ و قەدپاڵی نیشتمانەوە لەنێو گڕی ئاگردا سووتان و ماڵ و هێلانەیان بووە بە دووکەڵ. "کوردستان" نووسەری پیرۆزیی ئەرکی پێشمەرگە و ئەو هەزاران داستان و قارەمانەتی و ئەو تۆڵەستێنە بە ئەمەگانەی کوردستانە کە سەنگەر بە سەنگەر، دەوەن دەوەن بێ سرەوتن و هەدادان لووتکەی چیاکانیان کردە مەیدانی بەرەنگاری و شار و شاخ و پێدەشتەکانی کوردستانیان بە خوێن ڕەنگاند و وەک گوڵاڵەی سووری کوێستان نیشتمانیان نەخشاند. "کوردستان" وێنە و وێنەگری کۆمار و چوارچرا و سەربازە ونەکانی نیشتمان، نووسەرانی ناودار، ئەدیبانی خامە ڕەنگین، چەک و قەڵەم، قەندیل و بێستوون و ئاگری و ئارارات و پێدەشتی کاکی بە کاکی موکریان، گوڵە گەنمی جووتیاران، خامەی خوێندکاران، خەونی هەژاران، فرمێسکی هەتیوان، سروەی شەماڵی دوند و لوتکە و نشیوان، دووکەڵی شار و گوندی سووتاو، خانووی خاپوور و ڕووخاو، بۆمب و تانک و تۆپ و مووشەک، ئاڵا و کۆماری کوردستان و قەڵای دێموکرات، پێشەوا و شەرەفکەندی و قاسملوو و هەزاران هەزار شەهیدی لە خوێن خەڵتاوی ئەو گەلەیە کە لە پێناو ئازادی و ڕزگاریدا قوربانیی داوە و نەهامەتی چێشتووە. "کوردستان" هەردەم ناوەند و مەکۆی نووسەران و زمانی گەلێکی زمان قەدەغەکراو و، ڕێنوێن و ڕێنیشاندەری زمان و ئەدەبی کوردی و ڕاستوێژی و ڕەوانبێژی بووە. ئەو "کوردستان"ـە نوێنگەی بیری کوردایەتی و ڕەنگدانەوەی قەڵەمە بە بڕشت و بوێرەکان، چاوی تینووی ڕوو بە ئاسۆی ئازادیخوازان، سەرچاوەی ڕێزمان و ڕێنووسی زمانی کوردی، فەرهەنگ و فەرهەنگۆکی زمانی پاراو و پارێزراوی کوردی، بەڵگەی ڕەسەنایەتی زمان و لە هەمانکاتدا قوتابخانەیەک بۆ فێربوون و مامۆستایەک بۆ لێ‌فێربوون و کتێنخانەیەک بۆ وەدەستهێنانی زانیاری و ڕەنگدانەوەی هەڵوێست و سیاسەت و بیر و هزر و ئەندێشەی حیزبی دێموکراتی کوردستانە.