کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیس خەزعەلی، هەڕەشە لە ئەمریکا دەکا

14:28 - 10 پووشپەڕ 2721

ڕێبەری عەسائێبی ئەهلی حەق دەڵێ: ئێمە ئامادەین وڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بدەینەوە. قەیس خەزعەلی، ڕێبەری گرووپی" عەسائێبی ئەهلی حەق" یەکێک لە گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە لێدوانێکی تەلەڤیزیۆنیدا، سەرەڕای هەڕەشەی سەربازیی لە ئەمریکا وتی: ئێمە بە هەموو هێز و توانامانەوە ئامادەین وڵامی سەربازیی هێرشەکانی ئەمریکا بدەینەوە. ڕێبەری میلیشیاکانی عەسائێب هەروەها ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ئێمە بەدژی هێزەکانی ئەمریکا چوەتە قۆناغێکی نوێوە. ناوبراو بە هەڕەشەی ناڕاستەوخۆ لە هێزە کوردستانییەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتی: زۆربەی هێزە سیاسییەکانی عێراق، هێرشەکانی ئەمریکایان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی مەحکووم کردووە، بەڵام هێزە کوردییەکان لەم پێوەندییەدا بێ دەنگییان هەڵبژاردووە. پێویستە بگوترێ کە گرووپی "عەسائێبی ئەهلی حەق" تۆمەتبارن بە کوشتنی چالاکانی مەدەنیی عێراق و هەروەها کوشتنی بەکۆمەڵی سونیی مەزهەبەکانی ڕۆژاوای عێراق. هاوکات لەگەڵ قسەکانی قەیس خەزعەلی، جۆبایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرەی ئەمریکا وتی: هێرشی ئاسمانیی ئەرتەشی ئەمریکا بۆ سەر مۆڵگەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق و سووریەدا بە بڕیاری ڕاستەوخۆی من بووە. بایدێن لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا نووسیبووی ئەم هێرشانە بە مەبەستی پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا و لاوازکردنی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق و سووریە هاتوەتە ئاراوە و ئەگەریش پێویست بکا بۆ پاراستنی هێزەکانمان لە ناوچەکەدا هێرشەکانمان زیاتریش دەکەین. لە لایەکی دیکەوە بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە وتووێژێکدا بە هەواڵدەریی ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاندوە کە ئەمریکا هیچ جۆرە نیگەرانی و ترسێکی لەهەمبەر کاردانەوەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران نییە و ئەگەر ئەو گرووپانە بیانهەوێت هەرجۆرە هێرشێکی سەربازیی بکەنە سەر هێزەکانمان و ناوەندە دیپلۆماتیکەکانمان بە توندترین شێوە وڵامیان دەدەینەوە.