کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی بەندکراوێکی ئایینی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ

15:29 - 10 پووشپەڕ 2721

چالاکێکی بەندکراوی ئایینیی خەڵکی شاری شنۆ، بە ناوی "یاسر شەرافەتەدین" کە سزای ١٨ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و لە بەندیخانەی ورمێ ڕاگیراوە، مانی لە خواردن گرت. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، یاسر شەرافەتەدین، چالاکی بەندکراوی ئایینیی خەڵکی شنۆ، لە ڕۆژی سێشەممە ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوییەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە جێبەجێ‌نەکرانی داواکارییەکانی لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی "ورمێ"ـوە مانی لە خواردن گرتووە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، یاسر شەرافەتەدین خوازیاری ئەوە بووە کە مافی مەرەخەسی پێ بدەن و بیگوازنەوە بۆ بەندیخانەی شاری نەغەدە و هەروەها ئەو دوو ساڵەش کە لە ئەفغانستان بەندکراوە بۆی هەژمار بکرێت، ناوبراو تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی شاری شنۆیە و ساڵی ٢٠٢١ی زایینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وڵاتی ئەفغانستان دەسبەسەر و دوای دوو ساڵ بەندکران ڕادەستی ڕێژیمی ئێران کرایەوە، سەرەتا بەڕێکرا بۆ بەندیخانەی "ئێڤین"ـی تاران و پاش چەند ڕۆژ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە. ئەو هاووڵاتییە کوردە دواجار ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی دووهەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە ورمێ بە تۆمەتی ئەندام بوون لە گرووپە ئایینییە توندئاژۆکان سزای ١٨ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.