کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەماڵ کەریمی: ڕۆڵ و کاریگەریی کورد لە ڕووداو و پێشهاتەکانی داهاتووی کوردستان و ئێران‌دا، پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکانەوە هەیە.

17:08 - 27 گەلاوێژ 2721

لە درێژەی ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا، سمینارێکی دیکەی تایبەت بەڕێوەچوو. پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی و بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاوی دیکە لە ئەندامانی حیزب لە بنکەکانی حیزب و شاری کۆیە، سمینارێکی تایبەت به ٧٦ەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو. لەم سمینارەدا کە بە ڕاگرتنی ساتێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی کورد و کوردستان و تازەترین شەهیدی دەستی تێرۆری کۆماری ئیسلامی ئێران، کاک مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب دەستی پێکرد، بەڕێز کاک کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسێکی پێشکەش کرد. بەڕێز کەریمی لە سەرەتای قسەکانی‌دا بە ئاوڕدانەوە لە دەسکەوتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان؛ دامەزرانی کۆماری کوردستان، هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، دانانی سروودی نەتەوایەتی و دامەزرانی سپای میللی کوردستان بە ناوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، باسی لە ماهییەتی شوناسخوازانەی بەرنامە و ئیدەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کاریگەریی بیری نەتەوەیی حیزبی دێموکرات لە سەر بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کرد. کاک کەماڵ کەریمی لە درێژەی باسەکەیدا پەرژایە سەر ئەو ئەرزش و بەها مودێڕنانەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە فورمولەکردنیان لە مەرامنامەی خوی‌دا بە دەسەکەوت بۆ بزووتنەوەی کوردستان بەدیاری هێناونی و، بە ئاماژەدان بە بەهاگەلی وەک دێموکراسی، بایەخدان بە مافی مرۆڤ و پێگەی چینەجۆراوجۆرەکانی کۆمەڵ لە ئیدارەی وڵات، وتی ئەو ئەرزش و بەها ئینسانیانەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بەر لە ٧٦ ساڵ پێش ئێستا لە مەرامنامەی خۆی‌دا گونجاندونی و کاری بۆ کردوون، ئێستا وەک کۆمەڵە بەهاگەلێکی جیهانی لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەیی‌دا قسە و باسیان لە سەر دەکرێ. بەڕێز کەریمی لە بەشێکی دیکەی باسەکەی‌دا وێڕای ئاوڕدانەوە لە ئاستی قوربانی‌دانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە کۆماری کوردستانی لێ ڕووخێندراوە، سەرکۆماری لێ شەهید کراوە، دوو ڕێبەری هەرە بەرجەستەی لێ تێرۆر کراوە، بە دەیان کادری ڕێبەری و هەزاران تێکۆشەری کادر و پێشمەرگەی لێ شەهید کراوە، لە سەر هۆکاری بە ئامانجگرتنی ئەم حیزبە لە لایەن دەسەڵاتە ناوەندگەراکانی تارانەوە، قسەی بۆ بەشدارانی سمینارەکە کرد. قسەکردن لە گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنیەتییەکانی ئەمڕۆی ناوچەکە و ئێران بەشێکی دیکەی باسەکەی کاک کەماڵ کەریمی بوو. لەم پێوەندییەدا بەڕێزیان باسی لە خۆئامادەکردنی بزووتنەوەی کورد و حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەر و پێشهاتێک کرد. کەریمی لەم بارەوە جەختی لە سەر یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد و هەر لەم سۆنگەیەوە بە گرینگییەوە باسی لە پرسی دوو لایەنی حیزبی دێموکرات کرد. لەم پێوەندییەدا کاک کەماڵ کەریمی کە بەرپرسایەتیی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بۆ پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان لە سەرە، باسی لە زەروورەتی بەئەنجامگەیاندنی پرسی یەکگرتنەوە کرد و، بۆ یەکڕیزیی نێوماڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یەكڕیزیی نێوان حیزبەکان و هەروەها کاریگەریی کورد لە سەر ڕووداو و پێشهاتەکانی داهاتووی ئێران و کوردستان، یەکگرتنەوەی دێموکراتەکانی بە زامن و پێویستیی سەرەکی لە قەڵەم ‌دا. لە دوایین بەشی ئەم سمینارەدا ژمارەیەک لە بەشداران بە هێنانە بەر باسی تێبینی و پێشنیار و پرسیارەکانیان، باسەکەیان دەوڵەمەندتر کرد کە لە لایەن بەڕێز کاک کەماڵ کەریمییەوە وڵامیان درایەوە.