کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشوازیی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی پیرانشار لە براوەی خەڵاتی پڵینگی بەفر

14:29 - 28 گەلاوێژ 2721

بەبۆنەی بەزاندنی دواهەمین لووتکەی بەرزی وڵاتی سۆڤیەتی جاران و وەدەست‌خستنی خەڵاتی پڵینگی بەفری لەلایەن شاخەوانی بەتوانا و لووتکەبەزێنی کوردستان و پیرانشار "بایز نیکبەخت"، ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری پیرانشار بە گەرمی پێشوازییان لە ناوبراو کرد. ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، مامۆستای خانەنشین و شاخەوانی بەتوانای پیرانشاری، بایز نیکبەخت، دوای وەدەست‌خستنی خەڵاتی پڵینگی بەفر و گەرانەوە بۆ کوردستان، لەلایەن ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار و یانەی شاخەوانیی هەڵگوورد و خەڵکی شاری پیرانشار پێشوازی لێ‌کرا. شایانی باسە کە خەڵاتی پڵینگی بەفری لە ساڵی ١٩٥٦ـەوە دەدرێ بە شاخەوانێک کە بتوانێ پێنج کێوی سەروو ٧٠٠٠ میتریی وڵاتی سۆڤیەتی جاران ببەزێنێ کە هەڵکەوتووی دوو ناوچەی "پامیر" و "تیانشان"ـن و بایز نیکبەخت توانیویەتی بگاتە سەر لوتکەی ٥ کێوی سەرووی ٧٠٠٠ میتر لە وڵاتانی تاجیکستان، قێرقیزستان و قەزاقستان.