کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی پیلانگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر تێکۆشەرانی دێموکرات

16:20 - 30 گەلاوێژ 2721

ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بە مەبەستی خەوشدارکردنی کەسایەتیی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات، لە هەوڵی جێبەجێکردنی پیلانگێڕییەکی نوێ دان. بەپێی ئەو زانیارییانەی بە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتووە، ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە کوردستان بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی جۆراوجۆری دوور لە ڕاستی لەسەر کادر و پێشمەرگە دیار و دێرینەکانی حیزب لەنێو خەڵک‌دا، هەوڵ دەدەن بە خەیالی خۆیان زەربە لە کەسایەتی و خۆشناوبوونیان لەنێو خەڵکی کوردستان‌دا بدەن. بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ڕێگای کۆمیسیۆنی تەشکیلاتەوە به ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، لە ماوەی ڕابردوودا لە چەند شار و ناوچەیەکی کوردستان، ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ و دەنگۆی جۆراوجۆر لەسەر کادر و پێشمەرگە دیارەکانی ئەو ناوچانە، هەوڵی داوە خەڵک تووشی دڵەڕاوکێ و گومان لەسەر کەسایەتیی بەرزیان بکات؛ بەڵام بە خۆشییەوە خەڵک لە ڕێگای پێوەندی بە ئۆڕگان و کۆمیتەکانی حیزب، لەوە دڵنیا کراونەتەوە کە ئەو دەنگۆیان دوورن لە ڕاستی و تەنیا پیلانگێڕییەکی سواوی ڕێژیمە.