کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕی ڕێزلێنان بۆ شاخەوانی کورد بایز نیکبەخت لە پیرانشار

16:18 - 15 خەرمانان 2721

کۆڕێک بۆ ڕێزلێنان لە حاجی بایز نیکبەخت، ئەو شاخەوانە بەتوانایەی کە دوندی چڕ و بەرزی "پۆبێدا"ی وڵاتی قرقیزستانی بەسەرکەوتوویی بەزاند و خەڵاتی گەورەی "پڵینگی بەفری" بۆ خۆی و بۆ نەتەوەکەی مسۆگەر کرد، بەڕێوەچوو. بەبۆنەی ڕێزگرتن لە شاخەوانی کورد بایز نیکبەخت، "یانەی شاخەوانی و کولتووری هەڵگوردی پیرانشار"ٚ بە یارمەتی دڵسۆزانی شار، کۆڕێکی ڕێزلێنانیان لە یەکێک لە باغەکانی "بەری مێرگان" بەڕێوەبرد کە نووسەران و کەسایەتییەکانی: مەهاباد، نەغەدە، شنۆ، پیرانشار، سەردەشت و بانە، تێیدا بەشدار بوون و زیاتر لە ۱۷ بابەت (وتە و وتار و شێعر و پەخشان) خوێندرانەوە. ناوئاخنی ئەم پرۆگرامە، چڕینی: "سروود، حەیران، مەقام و گۆرانی" بوو . ئەم کۆڕە کە (بەشداربووانی ٤٥۰ کەس دەبوون) لەڕۆژی چوارشەممە، ۱۰ی خەرمانانی ۲۷۲۱ی کوردی، کاتژمێر ۷ی ئێوارە دەستی پێکرد و هەتا ۲ی شەو (حەوت کاتژمێر) درێژەی کێشا. شایانی باسە کە کۆڕەکە لەنێو شادی و خۆشی و هەڵپەرکێی بەشداربوواندا بە هەست و سۆزێکی کوردانەوە کۆتایی پێهات.