کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کاک عوسمان مستەفاپوور لە کۆیە

16:14 - 16 خەرمانان 2721

عوسمان مستەفاپوور، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەهۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆناوە ماڵاوایی لە ژیان کرد. کاک عوسمان مستەفاپوور ، بەندکراوی سیاسیی پێشوو کە زیاتر لە ٢٧ ساڵ لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەندکرابوو و یەکێک لە کەسایەتییە خۆڕاگر و شۆڕشگێڕەکانی نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو کە پاش ئازادکرانی لە بەندیخانە پەیوەست دەبێ بە کۆڕی هاوڕێیانی پێشمەرگەوە. ڕۆژی سێشەممە ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی بەهۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆناوە ماڵاوایی لە ژیان کرد و کۆڕی هاوسەنگەرانی بەجێهێشت. ناوبراو کەسایەتییەکی بەرز و خاوەن هەڵوێست بوو کە بۆ ماوی زیاتر لە ٢٧ ساڵ بە ورەیەکی پۆڵایینەوە لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران مایەوە و تەنانەت بۆ چرکە ساتێکیش لە خەبات بەدژی داگیرکەرانی نەتەوەکەی نەوەستاوە و لە ماوەی بەندکرانەکەیدا سەرەڕای هەموو ئەشکەنجە و ئازارەکانی چۆکی بۆ داگیرکەر دانەداوە. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچی‌دوایی کاک " عوسمان مستەفاپوور" سەرخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان وسەرجەم هاوڕێیانی پێشمەرگەمان دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین و خەبات تا وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانیان بەردەوامە و درێژە دەری ڕێگای پیرۆزیانین.