کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان

14:41 - 22 رەزبەر 2721

وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیە، لە کوشتنی سەربازەکانی ئەو وڵاتە لە ڕۆژئاوای کوردستان تووڕەیە وئامریکا و رووسیە بە تاوانبار دەزانێ. مەولوود چاووش ئۆغلوو، وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، پاش کوژرانی چەندین سەربازو پلەداری تورک لە ڕۆژئاوای کوردستان بەدەستی هێزە کوردییەکان وتی، تورکیە ئەو هەڵوێستەی واشنگتۆنی کە گوایە هێرشەکەی مەحکووم کردبوو بە دوور لە ڕاستی دانا و ئامریکا و ڕووسیەی بە پشیوانیکردن لە یەکینەکانی پاراستنی گەل(YPG) تاوانبار کرد. ناوبراو بە جەختکردنەوە لە سەر ئەوەی کە بۆ پاراستنی ئەمنییەتی خۆیان هەموو ڕێوشوێنەکان دەگرنە بەر، وتی:" ئامریکا و ڕووسیە بەرپرسی هێرشەکانی ئەو هێزانەن لەدژی تورکیە و ڕوسیە بەڵێنی خۆی بۆ دەرکردنی ئەو هێزانە لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیە بەجێ نەگەیاندووە". چاووش ئۆغلوو سەبارەت بە بڕیاری ئەم دواییانەی بایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا لە سەر درێژکردنەوە «دۆخی نائاسایی» و هەر وەها ڕەخنەی بایدێن لە تورکیە، داوای لە ئامریکا کرد سیاسەتە هەڵەکانی خۆی وەلا بنێ. پێشتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە هەڕەشەی لە هێزە کوردییەکانی ڕۆژاوا کردبوو و وتبوی کە تورکیە لە سەر ئەوە پێداگرە کە هەڕەشەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ناوبەرێ.