کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراو پاش ١٠ مانگ

14:28 - 25 رەزبەر 2721

هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان بە ناوی "محەممەد‌حوسێن یوسفی" کە ماوەی ١٠ مانگ دەبێ کە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە، سەرەڕای بەدوواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ماوەی ١٠ مانگ لەمەوبەر محەممەد‌حوسێن یوسفی، خەڵکی شاری مەریوان تەمەن ٣٠ ساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئیران لەو شارە دەسبەسەر و بۆ شاری سنە گوازراوەتەوە و تا ئێستا سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکیان بە بنەماڵەی ناوبراو نەداوەتەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەمالەی محەممەد‌حوسێن لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا چەندین جار سەردانی ئیدارەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمیان لە شارەکانی سنە و مەریوان کردووە، بەڵام ئەوان لە وڵامدا وتوویانە؛ کوڕەکەتان لای ئێمە نییە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو بنەماڵەیە ڕایانگەیاندبوو کە ناوبراو لە باخەکەی خۆیان و لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە. شایانی باسە کە، چەند ڕۆژ لەمەوبەر بنەماڵەی "یوسفی" سەردانی دادگای ڕێژیم لە مەریوانیان کردبوو تا بتوانن نامەیەک لەسەر وڵامنەدانەوەی ئیتلاعاتیان پێ ڕابگەیێنن، بەڵام "عەلیڕەزا جەعفەری" بەرپرسی دادگا، پێی راگەیاندوون کە وا باشترە کە بچن ڕاگەیەندراوی ون‌بوونی کورەکەیان بڵاو بکەنەوە.