کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی سیلوانا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە

14:03 - 28 رەزبەر 2721

هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سیلوانا لەلایەن هیزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا. لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سیلوانا سەر بە شاری ورمێ بەناوی "شێروان سولەیمان‌نەژاد" تەمەن ٢٠ساڵ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. ناوبراو بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ئەو هێزانەوە دەسبەسەر کراوە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندە پێوەندیدارەکان، هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی و هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە. جێی ئاماژەیە کە برایەکی ناوبراو، بە ناوی سالم سولەیمان‌نەژاد لە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ١٣٩٩ لەکاتی کۆڵبەری‌دا لە سنوورەکانی ناوچەی تەڕگەوەڕ بە تەقەی هێزە جینایەتکارەکانی سپای پاسدارانەوە گیانی لەدەستدابوو.