کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی سدیق عەلایی، تێکۆشەرێکی لەمێژینەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد

13:55 - 3 خەزەڵوەر 2721

سدیق‌ عەلایی، دامەزرێنەری یەکەمین چاپخانەی شاری نەغەدە و هەروەها بەرپرسی چاپخانەی کۆماری کوردستان لە شاری ورمێ ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەگوێرەی هەواڵی گەێشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، رۆژی یەک شەممە رێکەوتی ۲ـی خەزەڵوەری ۱٤۰۰ـی هەتاوی، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک "سەدیق عەلایی "بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد . کاک سدیق عەلایی ساڵی ۱۲۹۳ـی هەتاوی لەدایک بووە؛ لە تەمەنی ۱٥ساڵی دا دەچێتە شاری ڕواندز لە باشووری کوردستان و لە چاپخانەی حوزنی موکریانی دەست بەکار دەبێ. دواتر ساڵی ۱۳۲٤ـی هەتاوی لە مەهاباد وەک بەرێوەبەری چاپخانەی کۆماری کوردستان دیاری دەکرێت. لە چاپخانەی کۆماری کوردستان کاک سەدیق کاری چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤار و بڵاوکراوەکان بە زمانی کوردی کردووە؛ وەکوو گۆڤاری نیشتمان و گڕووگاڵی منداڵان و هەروەها ڕۆژنامەی کوردستان وەک زمانحاڵ و ئۆرگانی فەرمی کۆمار. لەدوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لەلایەن ڕێژیمی پاشایەتیەوە، کاک سدیق ٤ ساڵ لە زیندانی قەسر لە تاران دەسبەسەر دەکرێ و پاشان دەگەرێتەوە بۆ نەغەدە و دیسان کاری چاپەمەنی درێژە پێ دەدا. کاک سدیق ساڵی ۱۳٤۲ـی هەتاوی چاپخانەیەک لە شاری نەغەدە دەکاتەوە و بەشی هەرە زۆری کاری چاپی کتێب و بڵاوکراوەکانی شارەکانی شنۆ و پیڕانشار و مەهاباد لەئەستۆ دەگرێت. نەمر سدیق عەلایی وەک یادگارێکی زۆر دیار و بەرچاوی کۆماری کوردستان جێگای متمانەی خەڵک شاری نەغەدە و دەورووبەری بووە و بۆ ماوەی چەندین ساڵ وێڕای خوالێخۆشبوو عەبدوڵا ئیسحاقی لە نەغەدە تێکەڵ بەکاری تەشکیلاتی بووە. لەکاتی جوڵانەوەی چەکداری ساڵەکانی ٤٧-٤٦ بۆ ماوەیەک دەگیرێ و هاوکات لەو سەردەمەدا لەگەڵ تێکۆشەرانی ئەو جووڵانەوەیە وەک سەعید کوێستانی، ڕەحمان عەزیزی و مەلامحەممەد خزری کۆمەلێک چالاکی و ئەرکی حیزبی لە بواری تەشکیلاتی لەئەستۆ بووە. شایانی باسە نەمر سدیق عەلایی تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان مایەوە و تەنیا ئاواتی لە ژیان‌دا ئازادیی کوردستان و بەختەوەریی گەلی کورد بوو. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی‌دوایی نەمر سدیق عەلایی، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم هاوخەبات و هاوڕێیانی ناوبراو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات‌دا دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.