کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆمانێکی دیکەی بەختیار عەلی بۆسەر زمانی فارسی وەرگێڕدرایەوە

14:25 - 3 خەزەڵوەر 2721

ڕۆمانی "شاری مۆسیقارە سپییەکان"، یەکێکی دیکە لە شاکارەکانی بەختیار عەلی، نووسەری بەناوبانگی کورد بۆسەر زمانی فارسی وەرگێڕدرایەوە. ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، بەختیار عەلی نووسەری بەناوبانگی کورد، لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی ڕایگەیاند؛ کتێبی "شاری مۆسیقارە سپییەکان"، یەکێکی دیکە لە شاکارەکانی ئەو نووسەرە کە پازدە ساڵ پێش لەلایەن "مەریوان هەڵەبجەیی" بۆسەر زمانی فارسی وەرگێڕدراوەتەوە و پاش چاوەڕوانییەکی زۆر بۆ ڕێپێدانی یاسایی لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە، حەوتووی داهاتوو لە شاری تاران چاپ و بڵاو دەبێتەوە. جێگای ئاماژەیە کە لە چەند ساڵی ڕابوردوودا كۆمەڵێک لە بەرهەمەکانی"بەختیار عەلی"، نووسەر و ڕۆماننوسی بەناوبانگی کورد، وەکوو "دواھەمین ھەناری دنیا"، "ئێوارەی پەروانە"، "جەمشیدخانی مامم"، 'دەریاس و لاشەكان" و دیوانە شێعرێكی بە ناوی 'ئیشكردن لە دارستانەكانی فیردەوسدا"، بۆسەر زمانی فارسی وەرگێڕدراونەتەوە و لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاو بوونەتەوە. هەروەها چەندین بەرهەمی دیکەی بەختیار عەلی بۆسەر چەندین زمانی دیکە وەرگێڕدراون و ڕۆمانی "دواهەمین هەناری دنیا" بەناوبانگترین بەرهەمی ئەم نووسەرە کوردەیە کە بۆسەر زمانەکانی فارسی، فەرانسەیی، ئاڵمانی، عەرەبی و ئینگلیزی وەرگێڕدراوەتەوە و هەروەها بۆسەر شێوەزاری کرمانجی ژوورووش وەڕگێردڕاوەتەوە.