کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەخشینی خەڵاتی "قەڵەمی زێڕینی قانع" لەلایەن ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی مەریوان

15:42 - 10 خەزەڵوەر 2721

لە کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی مەریوان بڕیار درا کە خەڵاتی "قەڵەمی زێڕینی قانع" پێشکەش بەو کەسانە بکرێت کە لە بواری ئەدەبی کوردی چالاکی دەکەن. لەو کۆبوونەوەیەدا پاش هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری، باس لە گرینگی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی کرا و ئەوەی کە دەبێ خەڵک و بەتایبەت ڕێکخراوە فەرهەنگی و مەدەنییەکان، هەوڵی خۆیان بۆ پاراستنی زمانی کوردی لە گۆڕین و شێواندن بدەن و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری لەسەر بەخشینی ساڵانەی خەڵاتی "قەڵەمی زێڕینی قانع" پێکگەیشتن. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی مەریوان، سێ کەس لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە، وەکوو بەرپرس بۆ بەدواداچوون، ڕێکخستن و بەخشینی خەڵاتی قەڵەمی زێڕینی قانع دیاری کران. خەڵاتەکە وەکوو خەڵاتێکی ساڵانەی ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی مەریوان، لە بواری ئەدەبی کوردیدا (ڕۆمان، چیرۆک، وەرگێڕان، شێعر و...) بە نووسەرێکی کورد دەبەخشرێت. شایانی باسە کە ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی مەریوان، لە ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوییەوە دامەزراوە و ئامانجی سەرەکیی ئەو ئەنجومەنە، پەرەپێدانی خوێندن و نووسین بە زمانی کوردییە.