کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزەی ئەتۆم بۆ بەرزکردنەوەی نرخان

23:44 - 15 سەرماوەز 2721

بە ناشوکری نەبێ، منی کورد ئەوەندە ساردم، بەم هەموو نفووس و حەشیمەت و ژمارەیەی لە ناوچەکە بە سەریەکەوە هەمه ئێستاشی دەگەڵ دابێ ئەوەندە هەژارم خاوەنی یەک فلس یان دووشایی پارەی خۆمان نیم و لە باب و باپیرانمەوە هەر بە هەناسەساردی ماومەتەوە. دراوسێکانیشم هەر دەڵێی زڕدراوسێن. لەوەتەی لەم ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە لە شوێنێک ڕاوەستاوم، هەرچی دەرودراوسێیە بەشێک لە لەشی هاویشتووەتە سەر جەستەی من. یاڕەبی ئەو شادیەی بێ من هەیانە، لێیان وە شین بگەڕێ. من خۆم لەبەر ئەوەی لە چند سەد ساڵ لەمەوبەرەوە پارەی خۆم نەبووە، ناچار بە پارەی دەروجیرانیان مامەڵە و سات‌وسەودام کردووە. زۆر سەیروسەمەرەیە خۆت پارەت نەبی پارەی وڵاتانی دیکە بخەیە گیرفانت و هەست بە ئاسوودەییش بکەی. هەزار خۆزگە بەو سەردەمەی پارەی کاغەز واتە ئیسکیناس کەم بوو و هەر پارەی سپی و کانزامان دەخستە گیرفانەوە و سات‌وسەودامان پێ ‌دەکرد. ڕاستە پارەی ئاسن قورسە و ئەگەر بڕێکی کەمیش بێت، گیرفان دادەچۆڕێنێ، بەڵام هەر لە ئیسکیناس و پارەی کاغەز باشترە. ئیسکیناس یان پارەی کاغەز بۆ من کێشەی دیکەی هەیە. کێشەکەش ئەمەیە هەر جارەی لیرە و دینار و تومەن لە گیرفانت دەردێنی سەیری ئەو وێنانەی سەریان دەکەی، چاوت زەق دەبن و تووشی ئەشکەنجەی دەروونی دەبی. ئەوکاتەی مستەفا کەماڵ و ڕەزاشا و حەمەڕەزای کوڕی و بەشار ئەسەد و سەدام حوسێن و خومەینی وێنەیان دەردەکەوێ نازانم چۆنە وەزگ نادەم؟ هیچ بیرتان لێ کردوەوتەوە ئێمە چۆن وێنەی ئەمانە لە گیرفان و نێو قاسە و دۆڵاب و کەنتۆر و کۆمێد و جزدان و کێسە و میساندا دەپارێزین؟ ئەمانە لە کاتێکدا بەخوێنی سەری یەکتری تینوون و بەردەوام کێردی دوژمنایەتی لە یەکترین دەساون، ئەوکاتەی دێنە نێو گیرفانی ئێمە ئەوندە بەیەکەوە تەبان دەڵێی هەزاران ساڵە عاشق و مەعشووق و ژن و مێردن. بەپێی ڕەوشت و کولتووری خۆیان، ئەگەر یەکیان پیاو بێ ئەوە سێیانەکەی دیکە دەتوانن ببن بە ژنی. هەرچۆنێک بێت، هەتا لە گیرفانی ئێمە دان، بەرەوام وەک ماری عاشقە و ماشقە لەیەکتری دەهاڵێن. گیرفانی ئێمە بووەتە شوێنی حەسانە و بەیەکەوە ژیانیان. ئەوکاتەی لە گیرفانی ئێمە دەر دەکەون و دەکەونە نێو ساتوسەودای بانکان و سەر بەرزەکی بەر دەمی ئەوانی پارە دەگۆڕنەوە، بەردەام مۆڕە لە یەکتری دەکەن و دەڵێی دوژمنی باوک‌کوشتەی یەکترین. حەمەڕەزا و خۆمەینی و مچەی کەماڵ پاشا و سەدام و ئەسەد و مەسەد وەک دوژمنی ترسنۆک لە یەکتری دمڕێنن و لە ژێرلێویانەوە یەکتری دەبوغزێنن. منی بێ ‌پارە تەنیا دڵم بە دۆلار خۆشە. ڕەنگە وابزانن به‌هۆی پارەخوازی و پارەپەرەستی حەزم لە دۆلارە. وا نییە و تەنیا لەبەر ئەمەیە وەک پارەی باڵدار دەیبینم. ئێستا ئەو پارەیەی لەبەرانبەر هەموو پارەی ئەم ناوەدا باڵی دەرکردوون و خەریکی فڕینە، دۆلارە. بەتایبەت لەو وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کەوتووەتە سەر، فڕینەکەی زۆر بە قەوتترە. بەتەنیا نافڕێ. قەند و ڕۆن و کەلەم و داش کەلەم و مارەیی ژن و پێخەفی خەو و برنجی سەدری و بابۆڵەی ماکارۆنی و بێنزین و ڕۆنی ئۆتۆمبێل و خواردن و دەست‌ پێ چەورکردن و داروبەردی کردووەته باڵدار و لەگەڵ خۆیدا فێری فڕینی کردوون. هەتا ئێستا کەس نەیتوانیوە فڕینی دۆلار و کەلوپەلی پێویستی خەڵک ئەوا فیرە فڕین بکا و ئەوا بەجوانی ڕێگەی فڕاندن و بەرزبوونەوەی ئەم هەموو شتە دابین بکا، بەڵام دیسان لە هەوڵ‌دایە نرخی دۆلار و شتومەک بە زەبری مووشەک بەرز بکاتەوە. هەر بەم مەبەستە ئێران لە گەڕی نوێی دانووستانی ئەتۆمیی نێوان ئێران و ڵاتانی زلهێزی جیهان، هەوڵ‌ دەدا پەرە بە بەرهەم‌هێنانی وزەی ئەتۆم بدا و ئەم وزەیە بۆ زیاتر فڕینی نرخی شتومەک پێداویستی و دۆلار بەکار بهێنێ. دەسەڵاتی ئێران پێی‌وایە ئەگەر باسکردنی وزەی ئەتۆمە بەم شێوەیە نرخی دۆلار و شتومەک بفڕێنێ، ڕەنگە وەزەی ئەتۆمی زیاتر وابکا ئەم نرخانە ئەوەندە بفڕن هەر نەگەنەوە زەوی. دەرئەنجامی ژیرانە: بە فڕین و لەبەرچاوان ون‌بوونی ئەم نرخانە، هۆمێدیک بۆ لەنێوچوونی ئەم نەتەوە جۆراوجۆرانه‌ی ئێران دەخوڵقێ. دەرئەنجامی خۆمانە: وێنەی بینجامین فرانکلین لە وێنەی ئەم خومەینی و مومەمینی و ئاتاتورک و ماتاتورک و شتی دیکەیە خاسترە. دەرئەنجامی دەرئەنجامان: وزەی ئەتۆمی باشتر پاڵ بە نرخانەوە دەنێ.