کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چۆن نەگریم لەدوای نەمانت ئەی ڕێبەر و تاجی سەرم

06:23 - 30 سەرماوەز 2721

لەناو هەموو گەڵانی جیهاندا مرۆڤی هەڵکەوتە و لێهاتوو هەبوون و هەن و بەدڵنیاییەوە لە داهاتوودا مرۆڤی تاقانە بوونی دەبێت کە: هەست بە پێشەنگی و خەمخۆری دەکەن. ئەم جۆڕە مرۆڤانە ئەڵماسە وشەیەکی دانسقە و گوڵبژێرن کە ڕێگا هەموار دەکەن و بەفر و بەستەڵەک و کەمین دەشکێنن تا گەل و نەتەوە بە ئاسوودەیی ڕێگە بپێون. بێگومان ئەمەگناسی و پاراستنی ڕێز و شکۆی ئەم مەزنە پیاوانە ئەرکی سەرشانی هەموو مرۆڤێکی نیشتیمانپەروەر و وڵات پارێزە. لەڕاستیدا بەڕێز دکتۆر عەبدوڕڕەحمان قاسمڵو یەکێک لەو بیریار و سیاسەتوانە لێزانەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بوو کە توانی وەرچەرخانێکی گەورە لەناوچەدا لەبواری بیر و هزری سیاسی بخوڵقێنێ، بە جۆرێک کە: قوتابخانەی فکری نەتەوەکەمان دوای کپ بوونێکی ماوەیەک زیندووی کاتەوە و بۆ چەند دەیەی بەرێتە پێشەوە، ئەمەش دەگەرێتەوە سەر ئەوە کە باشترین و دانسقەترین سیاسی بوو و خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ زیندووکردنەوەی یاساکانی ناوچەی خۆمان بەگشتی و کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی هەبوو. لە قوتابخانەی فکری و دێمۆکڕاسی دکتۆر قاسمڵودا ئازادی و ڕەوشتبەرزی کە لە ناخی هەر مرۆڤێکدا بوونی هەیە، لە گۆڕەپانی ژیانی ئاسایی و سیاسی دەورێکی گرنگ و هەستیاری هەبووە. بەڕێز دکتۆر قاسمڵو ئەو پیاوە بیرمەند و کاریزمایە بوو کە بە تێگەیشتنی قووڵی لە زانستی سیاسی و ئابووری توانی فۆرمێکی تازە لە ڕۆژهەڵات و ئورووپا لە خۆیدا جێی بکاتەوە و شێوازێکی ناوازە بۆ ئەم دۆخەی تێدابووە پێناسە بکات. بێگومان دکتۆر قاسمڵو خۆرێک لە خۆری ئاسمان بەتینتر بوو بۆ ناو جەرگەی نیشتیمانی کوردستان کە وەک: هیمایەک بە نێوچاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدرۆشێتەوە و بۆنی " پێشەوای " نەمر دەدا کە بە وشە و ڕستە دەرنابڕدرێ؛ واتە ئەم هەستە هەندێک جار بە سەماکردن، سەمایەک کە تەنیا جەستە تێدا نابزوێت بەڵکوو مرۆڤ لە ڕوحەوە دەبزوێ، لە قووڵایی دڵەوە لەم شوێنەی خۆشی هەستی پێ ناکات، لە سەرچاوەیەکی نادیارەوە دێت و بۆ دڵ سەر دەکەوێت و لەوێشەوە بۆ جەستەی نەبینڕاو؛ بێ ئەوەی کە خۆی بزانێ جەستە بێشەرم دەکەوێتە سەماکردن...! ڕێبەرەکەم، ئەگەر چی دەزانم ڕێگای خۆشەویستی هەرمانی لەپێناو ڕێبازی دێموکڕاتت دڕک ڕێژە بە غەم و پەژارە و ئازار و تاسە و چاوەڕوانی و هەڵقرچانی دڵ، بەڵام ئەم ڕێگایە هێندە بە هێزە، ئەم ئامانجە هێندە بەرزە، هێندە پاکە، هێندە نەمرە کە شایانی هەموو قوربانی دانێکە بۆ گەیشتن بە سەرچاوە و ترۆپکی ئازادی. گەر تۆ نەبایی گەڵای زەردی گەل وشک دەبوو و هەڵدەوەریی و سیمایەکی تاڵ بەرۆکی ئەویندارانی نیشتیمانی دەگرتەوە، هەر بۆیە ئەوینداری ڕاستەقینە ڕۆژانە هەزاران جار دەمرن! بەڵام چونکە ئەوان مامەڵە لەگەڵ گیان و ڕوح دەکەن دوای هەر مردنێک ژیانێکی نوێیان پێ دەبەخشرێ...! ڕێبەرم! ئەی ئەڵماسە وشە و گەوهەرە دانسقەکەی ژیان! هەرچی سەر هەڵدەبڕم و چاوم بەو ئاسمانه شینەی کوردستان دەکەوێت، ئەوەندەی دەچمە سەر کانی و ڕووبارەکانی کوردستان، هەر کە شینایی دەشت و کێو و مێرگ و چیمەنی وڵاتە بێ نازەکەم دێته بەرچاو، لە جێگەی شایی و خۆشی لەسەر ئەم دڵە بچووکە، کۆسپێکی تاڵ و ناخهەژێن و گرێیەکی تووند پەیدا دەبێت کە: تا سەر چاوەی چاوم فرمێسک هەڵ نەکولێ و بەسەر ئاگڕی دەروونمدا هەڵنەپڕژێ، بلێسه و گرێ کوورەی دەڕوونم دانامرکێتەوە.!!! پێم ناڵێن ئاخر چۆن نەگریم؟! چۆن خوێنی جەرگم بە جۆگەڵەی چاومدا نەڕێژمە سەر دەشت و دەوەنە جوانەکەی وڵاتم؟! تا بەڵکوو گوڵاڵەسوورەکەی جوان و دڵگیری پێ بگەشێتەوە و منیش به ناڵەی زار و هاواری زاری نەخۆشی لە گیان بێزار وەک بولبول و قومری، نەک جار و بار، بەڵکوو ڕۆژێ هەزار جار بەدەوری ئەم گوڵە ئاڵە جوانەدا بێم و بچم و بڵێم: گولێکی خۆم بدادەم پێچ و تاوەش، بە ئاوی دیدەکانم دادەم ئاوەش، بە دەرگاهی ئیلاهی کەی ڕەوا بوو گوڵ ئەزمەن دیگەری گیرەد گوڵاوەش. ئەی ڕێبەر و تاجی سەرم، هەرچەند سەر هەڵدێنم و لە دەر و پشتی خۆم دەڕوانم و تۆ نابینم، کە لەنێو خاکی پیرۆز و دڵگیر و سفرەی ڕاخڕاوەی کوردستان و کانی و کانیاوی سارد و دڵبزوێنی ئەم وڵاتە خۆشە تۆیی تێدا نابینم ئاخر چۆن دڵ بە گیتی خۆش کەم و چاوم بەڕایی بدا و لە دونیا بنوارم! ڕێبەرم دڵنیابە وێنەی تۆ بە قەڵەمی خۆشەویستی لە دڵمدا ڕووشاندووە، تەنانەت لەژێر خاک و خۆڵدا ناسرێتەوە. بەڵێ ڕێبەرم،! لە ساڵیادی ڕۆژی لە دایکبوونت کە وەک: هەناسە پڕ سۆزەکەی سپێدەی بەر بەیان کە ڕاو دەنێ تاریکی ژیان و بە گزینگی تیشکی زێڕینی خۆڕەتاو ڕوح بە هیوای بێ هیواکان دادەکاتەوە، دڵم وەک دڵدارێکی تامەزرۆی دڵبەری بێ هەواڵ یادی دیدارت دەکاتەوە، بۆیە لە ڕۆژی لەدایکبوونت دەسکەگوڵێک تێکەڵ بە بیزا و هەڵز و بێژانی کوێستانەکانی نیشتمانم، پێشکەش دەکەم بە جێگر و سەرکردەی پێشەنگ و ورەبەرز و بەئەمەگ و سەرجەم پێشمەرگە قارەمانەکانی دڵسۆزی دێموکڕات و پێشمەرگەی خۆبەخشی نێو خۆی وڵات، کە بە چەکی بەبڕشتی قەڵەم و نووسین، بەستەڵەکی نەزانی و بێ ئاگایی دەتەقێنن و بەمتمانەوە وەبەرئاوپڕژێنی فێنک و ڕوحبەخشی ئەو پەیامە پیرۆزە کەوتوون کە: نیشتیمان وەک پاپۆڕێکی سەراوی نێو شەپۆلە سەرشێتەکانی شازەریا وایە، دەبێ پێکەوە بەرەو کەنارئاوەکانی هێمنی و سەقامگیری، هەوڵ بدەین؛ چونکە هەڵەی هەر تاکێک بەرەو نووقم بوونە. لەڕاستیدا تێککردنەوەی هەموو هێزەکانیش، واتە ڕزگاربوون و هاتنە جێی ئاواتی شەهیدان و دوا ئامانجی ژیانە.