کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماڵاوا دیکتاتۆر

04:46 - 16 رەشەمه 2721

شەڕەکان قەت لە مێژوودا براوەی هەمیشەیی و بڕاوەیان نەبووە. ئەگەرچی شەڕانشۆیی لە ڕواڵەتدا سەرکەوتنی لایەکی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام ئاکام و بەرەنجامەکانی ئەو سەرکەوتنە دەتوانێ خەسار و زیانێکی هەمەجۆرەی بەدواوە بێت. بەختیار عەلی، نووسەری کورد لە ڕۆمانی ''دواهەمین هەناری دونیا''دا دەڵێ: "شەڕ ئازارەکانی دنیا گەورەتر دەکا. شەڕ ئەگەر دژی هەموو خراپەکانیش بێت، دواجار بەجۆرێکی‌تر زەوی پڕ دەکاتەوە لە ئازار. شەڕ ئەگەر ئەوپەڕی دادپەروەرییش بێت، هەمیشە زەوی لێوانلێو دەکاتەوە لە خەم." دەستدرێژی کردنە سەر وڵاتی ئۆکراین لەلایەن ڕووسیەوە لە ئێستادا نموونەی ئاشکرای کاولکارییەکی گەورەیە لەنێو دڵی ئورووپادا. ئەو ئورووپایەی کە لە پاش وێرانکارییەکانی شەڕی دووهەمی جیهانی بە بنیاتنانی دامەزراوە و ڕێکخراوە ئاشتیخوازەکان بۆ جیهان ببووە سیمبولی دۆستایەتی و تەبایی، هەروەها ببووە پەناگای ئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەوەیکە ئاژاوە و نەبوونی ئەمنییەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دیرۆکێکی دوور و درێژی هەیە و ئەوەش کە دونیای سەرمایەداری بۆ دابین‌کردنی سەرچاوەی وزە و داهاتەکان خۆی دزەی کردوتە هەموو کون و قوژبنێکی جیهانەوە حاشای لێ ناکرێ. لە پاش شەڕی ساردەوە گۆڕانی جیهان بۆ دەسەڵاتی زیاتر لە دوو جەمسەری دەق و لاپەڕەیەکی زۆرتر و جیاوازتری لە بواری دیپلۆماسی و پێوەندییە سیاسییەکانەوە بۆ وڵاتان کردەوە. لەم نێوەدا وڵاتی سۆڤییەت بەو هەڵوەشان و دابەشبوونەی لە دێسامبەری ١٩٩١دا بەسەر جوغرافیای وڵاتەکەیدا هات، سەربەخۆیی کۆمارەکانی نێو ئەو یەکیەتییەی بەدوای خۆیدا هێنا و ئۆکراین یەکێک لەم کۆمارانە بوو کە جارێکیتر سەربەخۆیی خۆی بەدەست هێنایەوە. کارەساتەکەی چرنۆبیل (٢٦ ئاوریلی ١٩٨٦) لە خاکی ئەم وڵاتە دەسەڵاتدارەکانی جیهانی بەو قەناعەتە گەیاند کە فۆنداسیۆنی ناوەندە ئەتۆمییەکان دەبێ لە پڕۆتۆکۆلێکی ئەمن و دڵنیاکەرەوەدا ڕێک بخرێنەوە و وێکڕا بڕیاریان لەسەر پاکتاوکردنی ئەو بنکە ئەتومییە دا. لە داوی ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤییەت دەوڵەتی ئۆکراین بەگوێرەی ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتی چەک‌وچۆڵ و بنکە ئەتۆمییەکانی ئۆکڕاین ڕادەستی ڕووسیە کرانەوە و لەجێاتی ئەوە گەرەنتیی بەرگری و داکۆکی لە پاراستنی یەکپارچەیی نیشتمانیی ئەو وڵاتەیان پێ درا. لە ساڵی ١٩٩٩ ئەوکاتەی ویلادیمر پووتین بوو بە سەرۆک کۆماری ڕووسیە، ڕەنگە هیچ کارناسێک نەیتوانیبێ پێشبینیی ئەوە بکا کە ئەم پیاوە لە چەند قۆناغی جیاوازدا بە دەسەڵاتی شاردراوە و کاریزماتیکی خۆی بتوانێ سێبەری دەسەڵاتەکەی وا بەسەر رووسیەدا بکێشێ. بە درێژایی چەند دەیەی ڕابردوو ئورووپا ئینتمایەکی نەرمی بۆ ئەندامەتیی ئۆکڕاین لە یەکیەتیی ئورووپادا دەربڕیوە، ئەمەش بەبەردەوامی بووەتە هۆی نیگەرانیی لە ڕادەبەدەری پووتین لە هەمبەر پێشڕەویی یەکیەتیی ئورووپا و گرێبەستی نیزامی ناتۆ. ئەم ململانێ و کێشەوبەرەیە بەردەوام بوو هەتا ئەوەیکە قەیرانی ''کرێمە'' هاتە پێش. ئەم شێوە دوڕگە لە باشووری ئۆکراین هەڵکەوتبوو، هەربۆیە ڕاگەیاندنی خودموختاری و پاشان لکانی بە ڕووسیەوە وڵاتە ڕۆژئاواییەکانی بەو قەناعەتە گەیاند کە خەونەکانی ڕووسیە لەوە بەولاوەترە. لە پاش لکانی کرێمە بە موسکۆ کە هیچ بەدڵی ئۆکڕاین نەبوو و دوای لە چەک داماڵینی ئەم وڵاتە، یەکیەتیی ئورووپا ئەم وڵاتەی بە بەردەوامی لە نۆرەی ئەندامەتییدا چاوەڕوان هێشتبۆوە، بەڵام ڕێبەرانی ئۆکراین زۆرتر لە جاران ددانەکرۆژەی پوتینیان گوێ لێ دەبوو. پوتین ئێستا بە هێرش‌بردنە سەر ئەم وڵاتە مەترسییەکی گەورەی خوڵقاندوە و  پێدەچێ بەرەوڕووی هەڵەیەکی بەراوردکاریش بووبێتەوە. خەڵکی ئۆکراین بە یەکیەتیی نیشتمان‌پەروەرانەی خۆیان کە بەرهەمی لێهاتوویی ولادیمیر زیلنسکی، سەرۆک کۆمارەکەیانە، ئێستا بەپێچەوانەی پێشبینییەکان بەرگرییەکی بی‌وێنە و بەربڵاویان لە هەمبەر هێرشی نیزامیی ڕووسەکان پێشان داوە. کۆمەڵگەی نیونەتەوەیی هاوکات لە دژکردەوەی خۆیدا سیما و روومایەکی دزیۆ و داگیرکەرانەی لە پوتین دەرخستوە و پاش حەوتوویەک لەم دەستدرێژییە پاڵپشتی و هاوسۆزیی خەڵکی جیهان بۆ ئۆکراین قورسایی قەپانەکەی بۆلای ئۆکرایندا شکاندۆتەوە. هەروەها خۆڕاگریی گەل هاوسەنگییەکانی دەسەڵاتیشی لە شەڕدا تێک‌داوە و پێداگریی زیلنسکی بۆ بەرگری بۆ ڕووسیە بۆتە دەردی سەرباری دەردان. هەڵوێستی وڵاتان لەهەمبەر هێرشی داگیرکەرانەی ڕووسیە ڕوانگەکانی بەتەواوی یەکلا کردۆتەوە، لەم نێوەدا کۆماری ئیسلامی بە ئیلهام‌وەرگرتن وەرگرتن لە پوتین لە دیپلۆماسیی نێونەتەوەییدا ئێستا کەوتۆیە سەر دووڕێیانییەکی هەستیار و تەنانەت ناتەبایی و پاڕادۆکسی هەڵوێستەکان کاری کردۆتە سەر وتووێژەکانی بووژانەوەی بەرجام لە ویەنیش. خامنەیی بۆخۆی بە هەموو شێوەکان قڕوقپ دانیشتوە و مرتەقی لە خۆی بڕیوە. داسپاردەکەشی (ڕەئیسی) کە لە قسەکردندا ڵاڵەپەتەیەتی و زمانی گۆ ناکا ناچار کردوە دژکردەوەی یەکلایەنە بگرێتە بەر و دەنگ و ڕەنگی ڕەسمیی وڵاتیش کە ئاراستەی هەموو بابەتەکان لە بەرژەوەندیی ڕووسیەدا دەشکێنێتەوە. ئۆکراین بەرگری دەکا و ڕووسیە زیان و تاوانەکەی دەدا. زۆر کەس پوتین بە هیتلەری سەردەم دەشووبهێنن کە ڕووخانی دەسەڵاتەکەی زۆر نزیکە. کەس چووزانێ؟ ڕەنگە سەردەمی پەرەسەندنی ئیمپراتۆرەکان هاتبێتە کۆتایی و دەسەڵاتخوازە ملهوڕەکان دەبێ بۆ سەردەمی نوێ فڕوفێڵێکی نوێ بدۆزنەوە و شێوە چارەیەکی تر ڕەچاو بکەن. هەموو ئەمانەش لە حاڵێک‌دایە کە بێ‌تاوانەکان لە شەڕدا دەکوژرێن تاکوو دەسەڵاتدارەکان بتوانن بڕیار بدەن کە کەی و چ کاتێک ئەم کاولکارییانە بوەستێنن. ڕەنگە ''ئەرەستوو'' فەیلەسووفی گەورەی یوونان چەمکی شەڕی بەباشی شرۆڤە کردبێ کە دەڵێ ئێمە شەڕ هەڵدایسێنین تاکوو بتوانین لە ئاشتیدا بژین.