کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد بە بۆنەی ١٢ی بانەمەڕ، ڕۆژی خوێندکاری کورد

21:27 - 12 بانەمەڕ 2722

٥٥ ساڵ پێش لە ئێستا قۆناغێکی گرینگی مێژوویی و وه‌رچه‌رخانێك له‌ بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخواز و ڕزگاریخوازی کورد لە ئێران هاتە ئاراوە. لە بانەمەڕی ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی‌دا، چەخماغەی ڕاپەڕینێکی چەکداری بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی لێ‌درا و جووڵانەوەیەک هاتە ئاراوە کە گیانێکی نوێی خەباتگێڕانەی بە بزووتنەوەی کورد و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌ بەخشی. ڕاپەڕینی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦-٤٧ی هەتاوی،سەرەڕای کورتیی تەمەنی کە تەنیا ١٨ مانگی خایاند و، هەروەها و سنوورداربوونی جوگرافیاکەی، بە قوناخێکی گرینگ و شوێن‌دانەر لە مێژووی حیزبی دێموکرات دێتە ئەژمار.لەگەڵ ئەوەی کە بەشی زۆری رێبەرانی ئەم جوڵانەوەیە گیانیان پێشکەشی خاک و خەڵی کوردستان کرد، بەڵام کاریگەرییەکانی ئەو جووڵانەوەیە تا ئێستاش لەسەر بیرو ئەندێشە و ئیرادەی خەباتکارانی سیاسیی کورد بەردەوامە. لە دەیەی ٤٠ی هەتاوی‌دا خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئێران بە تایبەتی زانکۆی تاران، یەکیەتی خوێندکارانی کوردیان دامەزراند. هەر لەو سەردەمەدا بە هاتنەئارای بیری ئازادیخوازی و دادپەروەری،بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکان بە هۆی هۆشیاریی گەلان سەریان هەڵدا کە بە هۆی ئەم شەپۆلە فکریانە و هەروەها بارودۆخی جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ژێر کاریگەریی هەڵوێستی شۆڕشی کورد لە باشووری کوردستان ڕاپەڕینی چەکدارانەی تێکۆشەرانی دێموکرات لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ هەتاوی لە چیاکانی کوردستان سەریهەڵدا. لە نێو ڕێبەرانی فکریی ئەم جووڵانەوەیەدا سمایل شەریفزادە ناوێکی دیار و بەرزە. ڕۆڵ و بەشداریی کاک سمایل شەریف‌زادە وەکوو خوێندکارێک لەم خەباتەدا هاوشان لە گەڵ هاوسەنگەرانی دیکەی‌دا مانا و پێناسەیەکی گرینگی بەم قۆناغە لە مێژووی خەباتی گەلەکەمان بەخشی و بۆ نەوەکانی دوای خۆیان بوون بە سێمبول و ئیلهام‌ده‌ری خەبات و تێکۆشان. خەباتی نەتەوەخوازی و رزگاریخوازانەی بزووتنەوەی کورد لە قۆناغە جیاجیاکانی خۆی‌دا لە هەبوونی توێژی خوێندەوار و رووناکبیر بێبەش نەبووە و لە زۆربەی شۆڕشەکاندا رۆڵیان هەبووە و ئاڵا هەڵگری بیر و باوەڕە باوەکانی سەردەمی خۆیان بوون کە شەهیدان؛ سمایلی شەریف زادە، د. قاسملوو، د. شەرەفکەندی و سەدان خوێندکارو رووناکبیری تر لە ریزەکانی حیزبی دێموکرات‌دا لە کاریگەرترینیان بوون. ئێستا کە لە ڕۆژی خوێندکاری کورد‌ و ساڵرۆژی شەهیدبوونی کاک سمایل شەریف‌زادەدا لە دەوری یەک کۆبووینەتەوە، لە ئێران و کوردستانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا رۆژ نییە خوێندکاران و لاوان بە بیانووی جۆراوجۆر گوشاریان نەخرێتە سەر، ڕەوانەی بەندیخانەکان نەکرێن و لە مافی خوێندن بێبەش نەکرێن. رۆژانە شاهدین و دەبینین کە مامۆستایان و خوێندکاران دژ بە دەسەڵاتی سەرەڕۆ و سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی ئێران ناڕەزایەتی دەردەبڕن و زانکۆ و قوتابخانەکانیان کردۆتەوە بە سەنگەری بەرەنگاری و کۆڵنەدان. ئێمە خوێندکاران و خوێندەوارانی کورد لە یەکێتی نەتەوەی خوێندکارانی کورد، وێڕای دووپات کردنەوەی پەیمان و بەڵێن لە گەڵ یادوبیرەوەریی کاک سمایل شەریفزادە، بە چاوی هیواو هومێدەوە دەڕوانینە خەبات و تێکۆشانی خوێندکارانی کورد لە زانکۆکان و هەر لەم بۆنەدا، سڵاو دەنێرین بۆ ئیرادەی پۆڵایینی مامۆستایان کورد لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەمڕۆژانە یەکگرتووانە وێڕای داکۆکی لە مافە سینفییەکانی خۆیان، بەرانبەر بە پرسی نەتەوایەتیی نەتەوەکەشمان داکۆکیکار و لێبڕاون. لە یادی ٥٤ ساڵەی شەهیدبوونی کاک سمایل شەریف‌زادە، سەمبولی خوێندکاری بەهەڵوێست و خاوەن ئیرادەی کورد‌دا؛ سڵاو لە خوێندکارانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سڵاو لە مامۆستایانی بەهەڵوێست سڵاو لە یاد و ناوی شەهید سمایلی شەریفزادە بەرز و پیرۆز بێت رۆژی خوێندکاری کورد  

یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد

 بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی