کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ورەی باوکی شەهید‌‌

06:33 - 16 گەلاوێژ 2722

بەرەبەیان بوو، بەرەو ماڵی مام عەزیز دەڕۆیشتین. ماڵێک کە گەلێ جاران جێگای چاوپێکەوتنی ئەندامانی حیزب بوو. زۆر جارانیش کۆبوونەوەی تەشکیلاتی تێدا دەگیرا. ئەو گەورەماڵە هەمیشە دەرکەی بە ڕووی پێشمەرگەدا کراوە بوو. بەڵام ئەمجارەیان ڕۆیشتنمان بۆ ئەوێ جیاواز بوو. زۆر بەزەحمەت توانیم ئەو بڕیارە قورسە بدەم. لە دڵەوە ڕاهێنانم بە خۆم دەکرد کە چۆن لە ڕستەیەکدا هەواڵەکەی پێ بڵێم، بە جۆرێک کە هەم خۆم بەرگەی ئەو خەسارە گەورە بگرم هەم مام عەزیزیش. بتوانێ باری ئەو خەمە قورسە هەڵگرێ. هاوکات کە گەیشتینە نێو ماڵ، خاوەن ماڵ بە هەیبەتێکەوە هاتە نێو ژوورەکە و بەخێرهاتنی کردین. دڵم بە توندی کەوتە ڵێدان، وەختا بوو لە سینگم بێتە دەرێ، زمانم وشەکانی تاوتوێ دەکرد. وا پێ‌دەچوو زمانم و دڵم پێکەوە ڕاوێژ دەکەن کە چۆن بەرامبەر باوکێک ڕاوەستن و پێی بڵێن کوڕەکەت شەهید بووە. باوکێک کە بەئاسانی دەتوانی لە ڕوخساریدا سەدان لاپەڕەی ژیانی پێشمەرگایەتیی کۆماری کوردستان بخوێنیتەوە، باوکێک کە بە مانا کەسێکی چالاکی ساڵەکانی 47 - 46 بووە. کات و زەمان لای من ڕاوەستابوو، بەڵام بە دەنگی پڕ لە ورەی مام عەزیز دیسان چرکەکانی زەمان کەوتنەوە خول‌لێدان. - هاوڕێیان بەخێر بێن، چی بووە؟ بۆچی وا مات بوون؟ دیار بوو ڕوخساری من و هاوڕێکانم هەمو شتێکیان بە مام عەزیز گەیاندبوو. بۆیە ئیدی مشتومڕی دڵ و زمانم کۆتایی پێ هات. - نیگەران مەبە مام عەزیز، شتێکی وا نییە کوڕەکان لە چالاکیێکدا کەوتوونە کەمین و ڕەسووڵ بریندارە. دیمەنێک دروست بوو کە هەرگیز فەرامۆشی ناکەم. دیمەنی فەرماندەیەکی دێرین. هەنگاوێک هاتە پێشەوە. وەک چیا ڕاوەستا و بە دەنگێکی بێگەردی کوردانە گوتی: تەرمی شەهیدەکەتان بۆ هێناومەوە یان کەوتۆتە دەست دوژمن؟ سەیری چاوی ئەو پیاوە گەورەم کرد، ئەویش تێگەیشت کە دەمهەوێ چی پێ بڵێم: بەڵێ تەرمی شەهید ڵای خۆمانە. پیری سەربەرز درێژەی بە قسەکانی دا: دڵتەنگ مەبن نامهەوێ ڕەنگی شکان و هەڵبزرکان بە ڕوخسارتانەوە ببینم. من شانازی دەکەم کە باوکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستانم. هەروەها زیاتر شانازی دەکەم کە ئێستا ئێوە هەموو کوڕی منن و دەتوانن جێگای شەهیدەکانم لە دڵی مندا و لە ڕیزەکانی خەباتدا پڕ کەنەوە. بەڵام ئەوە بزانن کە ئێوە پێشمەرگەن و دەبێ تا گەیشتن بە  "کاروان"ی ئاوات و ئامانج "کارزان"ی ڕێگای خەبات بن. ورەتان بەرز بێ ڕێگایکی دوور و درێژتان لەپێشە تا گەیشتن بە سەربەرزی. جا ئەو سەربەرزیە شەهیدبوون بێ یان ڕزگاریی نیشتمان. مام عەزیز وەک فەرماندەێک، وەک پێشمەرگەیەک، وەک باوکێک دڵخۆشیی ئێمەی دەدایەوە. پاش ئەو دیدار و دیمەنە پرسیارگەلێ لای من درووست بوون، کە وڵامی ئەو پرسیارانەم لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا وەرگرتەوە. بەڵێ چرای خەباتی دێموکرات ناکوژێتەوە تا خاوەنی ڕۆڵەی فیداکار بێت، ناکوژێتەوە تا خاوەنی باوکی شەهیدی وا بەورە و بەئیمان بێت. *** (بیرەوەرییەکی کاک حەسەن خۆشکەلام لە دیدار لەگەڵ مام عەزیز عەزیزی، باوکی دوو برای شەهید کاروان و کارزان عەزیزی کە کراوەتە ئەو بەسەرهاتە).