کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرگریی ئوکراینی لە ناوچەکانی داگیرکراو لە لایەن ڕووسیەوە پەرە دەستێنێ

18:07 - 31 گەلاوێژ 2722

وەک ئالنگارییەکی پەرەئەستێن بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچە داگیرکراوەکانی باشووری خۆرهەڵاتی ئوکراین لەلایەن ڕووسیەوە، هێزە گەریلاکانی وەفادار بە کییەڤ کاربەدەستانی لایەنگری موسکۆ دەکوژن، پرد و شەمەندەفەران دەتەقێننەوە و بە دەستنیشان‌کردنی ئامانجەکان، یارمەتیی سوپای ئوکراین دەکەن. پەرەئەستاندنی خۆڕاگری، کۆنترۆڵی کرێملینی لەو ناوچانەدا لاواز کردوە و هەڕەشەیە بۆ سەر پلانەکانی بەڕێوەبردنی گشتپرسی لە چەند شاری جیاواز، وەک هەنگاوێک بۆ لکاندنی ئەوان بە ڕووسیەوە. ئاندرەی، ڕێکخەرێکی تەمەن ٣٢ ساڵەی جووڵانەوەی گەریلا لە باشووری ناوچەی خەرسۆن گوتی: "ئامانجی ئێمە ئەوەیە ژیان لە داگیرکەرانی ڕووسیەیی تاڵ بکەین و لە هەموو ئامرازێک بۆ پەک‌خستنی پلانەکانیان کەڵک وەرگرین." ئاندرەی وەک ئەندامێکی تاقمی بەرگریی ژۆڤتا ستریچکا، یان "قۆڵ زەرد"، بەو مەرجە دەگەڵ ئاسۆشیەیتدپرێس قسەی کرد کە بە تەواوی نهێنی بێ تا ڕووسیەییەکان نەتوانن شوێن پێی هەڵگرن. تاقمی ناوەکەی لە یەکێک لە ڕەنگەکانی ئاڵای ئوکراین وەرگرتووە و ئەندامەکانی لە کاتی دەستنیشان‌کردنی ئامانجەکان بۆ هێرش بۆ سەریان،  پەڕۆیەکی زەرد لە قۆلیان دەبەستن. ‌هێزەکانی ئوکراین لەو دواییانەدا کەڵکیان لە سیستەمی فرە گەڕۆکی تۆپخانەی ئەمریکایی "هایمارس" بۆ کوتانی پردێکی ستراتێژیک لە سەر ڕووباری دنیپڕۆ لە خەرسون وەرگرت، کە ئاڵقەی پەیوەندیی سەرەکیی هێزەکانی ڕووسیە بوو. شاری خەرسۆن کە ٥٠٠ هەزار دانیشتووی هەیە و لە سەرەتای جەنگدا لەلایەن هێزەکانی ڕووسیە داگیر کرا، بە لێشاو بڵاڤۆکی تێدا بڵاو کراوەتەوە کە لەواندا هەڕەشە لە کاربەدەستانی سەر بە ڕووسیە کراوە. هەر بەر لە هێرش بۆ سەر پردەکە، بڵاڤۆک بڵاو کرابوونەوە کە تیایاندا نووسرابوو، "ئەگەر هایمارس نەتوانێ کارەکە بکات، پارتیزانێک یارمەتیی دەکات." ئاندرەی بە ئەی پی گوت: "ئێمە زانیاریی وردمان لەمەڕ شوێنی ئامانجی جیاواز داوە بە سوپای ئوکراین و  یارمەتیی گەریلاکان چەکە دوورهاوێژەکان، بە تایبەتی هایمارس، بەهێزتریش دەکات. ئێمە لە پشت هێلەکانی ڕووسیە نادیارین و ئەوە خاڵی بەهێزی ئێمەیە." لەگەڵ هێرشی هێزەکانی ئوکراین لە ناوچەکەدا و گرتنەوەی هێندێک شوێن لە خۆراوای ڕووباری دنیپڕۆ، چالاکییەکانی گەریلاش پەرە دەستێنێ. ئەوان لەگەڵ هێزەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتییەکانی سوپای ئوکراین هاوئاهەنگی دەکەن، کە یارمەتییان دەکات ستراتێژیی و تاکتیکەکانیان گەشە پێ بدەن. ئەو هێزانە هەروەها ئامانجەکان هەڵدەبژێرن و ماڵپەڕیکیان وەرێ خستوە بە پێشنیار لەبارەی چۆنیەتیی ڕێکخستنی بەرگری، نانەوەی کەمین و خۆبواردن لە دەستبەسەر کران. ڕایەڵەیەک لە بنکەی چەک‌وچۆڵی شاراوە و شوێنی نهێنی بۆ خۆ حەشاردان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا دروست کراون. لە نزیک بیناکانی بەڕێوەبەرایەتی، لە ماڵی کاربەدەستان و تەنانەت لە ڕێگای چوونە سەر کارەکانیان بۆمب داندراون. لە کاتی تێپەڕینی یەڤگێنی سۆبۆلەڤ، سەرۆکی بەندیخانەی خەرسۆن، بۆمبێک تەقیەوە کە لەسەر دارێک داندرابوو، بەڵام ئەو لەو هێرشە گیانی دەرباز کرد. ئوتۆمبێلێکی پۆلیس کەوتە بەر پەلاماری بۆمبی تەڵەزمدار، دوو ئەفسەر بەتوندی بریندار بوون، کە یەکیان مرد. جێگری سەرۆکی بەڕێوبەریی ناوچەیی لە نۆڤا کاخۆڤکا بە برینەکانی دوای هێرشێکی چەکداری لە کۆتایی حەوتوودا مرد. بە گوێرەی ڕاپۆرت، گەریلا چەند جار هەوڵی کوشتنی ڤلادیمیر سالدۆ، سەرۆکی ناوچەی خەرسۆن، کە لایەنگرانی ڕووسیە بەڕێوەبەرایەتییەکی کاتییان لێ دامەزراندوە، داوە و دەست‌خۆشانەی ١ میلیۆن هەڕیڤنیا (نزیکەی ٢٥ هەزار دۆڵار) بۆ کوشتنەکەی دیاری کراوە. یاریدەدەرەکەی، پاڤێل سڵۆبۆدچیکۆڤ، لە ئوتومبێلێکدا تەقەی لێ کرا و کوژرا و کاربەدەستێکی دیکە، دیمیتری ساڤلوچەنکۆ، بە بۆمبی نێو ئوتومىیل کوژرا. ساڵدۆ گوتی، هێرشەکان وای کردوە موسکۆ یەکەی دژی تێرۆر بنێرێتە خەرسۆن. ساڵدۆ لە کەناڵی ڕاگەیاندنەکەیدا گوتی، "هەموو ڕۆژێ، یەکە ئەمنییەتییەکانی ڕووسیە دوو یان سێ کۆگای چەک بۆ چالاکیی تێرۆریستی دەدۆزنەوە. دەست بەسەرداگرتنی چەکۆچۆڵ هەڕەشەی سابۆتاژ کەم دەکاتەوە." لە سەرەتای داگیرکارییەکەدا، هەزاران دانیشتوو ناڕەزایەتیی هێمنانەیان بەڕێوە برد. بەڵام سوپای ڕووسیە خێرا لێکی بڵاو کردنەوە و چالاکەکانی دەستبەسەر کرد، لە ئاکامدا بەرگریی توندوتیژانە دەستی پێ کرد. وێنەگری زەماوەند، ئۆلێکساندەر خارچیکۆڤ، کە ئێستا بۆتە چالاک گوتی ئەو دوای دەستبەسەر کران لە ڕەشبگیرییەکی ڕووسیدا، لێی دراوە و ئەشکەنجە کراوە. خارچیکۆڤ لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا گوتی، "ڕووسییەکان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ منیان ئەشکەنجە کرد. ئەوان بە کوتکێکی بەیسباڵ لێیان دەدام، بە پلایس پەنجەکانمیان دەگووشی و بە تەزووی کارەبا ئەشکەنجەیان دەدام. من مێشکم شڵەقا و پەراسوویەکم شکا، بەڵام هیچ زانیارییەکم نەدانێ و ئەوە ڕزگاریدەرم بوو." خارچیکۆڤ ١٥٥ ڕۆژ لە ژێر داگیرکاریی ڕووسیەدا بوو تا ڕای کرد. ئەو بە ئەی پی گوت، "سەرکوتی ڕووسیە چڕتر دەبێتەوە. ئەوان دۆخێکیان خوڵقاندووە کە بە ئوکرایینییەکان تەحەممول ناکرێ و هەر دێتو درێژەدان بە ژیان لەژێر داگیرکاریی ڕووسیە دژوراتر دەبێ." ئەو گوتی ڕووسیەییەکان ١٠ هەزار ڕوبڵ (١٦٥ دۆلار) دەدەن بە هەر کەس داوای شارۆمەندیی ڕووسیە بکات تا ئەوان بتوانن دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا بەهێز بکەن. مۆسکۆ لەو ناوچانە ڕۆبڵی کردۆتە دراوی فەرمی، ڕایەڵەی تەلەفۆنی گەڕۆکی دامەزراندوە و تەلەفزیۆنی ئوکراینی نەهێشتووە. لە مەیدانە سەرکەییەکانی شارەکان، شاشەی زەبەلاحیان داناون کە بەرنامەکانی تەلەفزیۆنی ڕووسیە بڵاو دەکەنەوە. ئیڤان فێدۆرۆڤ، شارەداری مەلیتۆپۆل، کە ماوەیەکی زۆریش لە لایەن ڕووسیەییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، بە ئەی پی گوت کە نزیکەی ٥٠٠ چالاکی ئوکراینی دەستبەسەر کران و زۆریان ئەشکەنجە کران. هێندێکیان دوای دەستبەسەرکران بۆ ماوەی چەند مانگ بێ سەروشوێن کران. فێدۆرۆڤ گوتی، لە مانگەکانی مای و جوون، گەریلا دوو پردی ڕێگای ئاسنی لە مەلیتۆپۆل تەقاندەوە و دوو شەمدندەفەری سەربازیی ڕووسیەی وەرگێڕان. ئەو هەروەها گوتی، "جووڵانەوەی بەرگریی بە دوای سێ ئامانجەوەیە، لەناو بردنی چەکوچۆڵی ڕووسیە و ئامرازەکانی گەیاندنیان، بێ ئیعتیبار کردن و چاوترسێن کردنی داگیرکەران و بەکرێگیراوەکانیان و گەیاندنی زانیاریی لەمەڕ شوێنی دوژمن بە هێزە تایبەتییەکانی ئوکراین." ڕووسیە گەشتەکانی پەرە پێداوە و بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ئەو کەسانە کە گومانی هاوکاریی دەگەڵ گریلایان لی دەکرێ. لە هێرشی ئەوتۆدا، ئەوان تەلەفۆنەکان کۆنتڕۆڵ دەکەن و ئەو کەسانە دەستبەسەر دەکەن کە سیمبۆلی ئوکراینی یان وێنەی ئەو خزمانەیان پێیە کە یونیفۆرمی سەربازییان لەبەرە. فێدۆرۆڤ گوتی، "لە هێرشی بەربڵاوی دەستبەسەرکردنی خەڵکدا، ڕووسیەییەکان تەواوی گەڕەکێک دادەخەن، هاتوچۆی ئوتۆمبێلان لە گەڕەکەکە ڕادەگرن و بە شێوەی مێتۆدیک لە ئاپارتمانێکەوە دەچن بۆ یەکی دیکە. بێتوو هەر سیمبۆلێکی ئوکراینی یان پەیوەندی بە سوپای ئوکراین بدۆزنەوە، سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەکە لە کامپی پاڵاوتندا ڕادەگرن." لە حەشیمەتی ١٥٠ هەزار کەسی مەلیتۆپۆل بەر لە جەنگ، پتر لە ٦٠ هەزار کەس شاری بەجێ هێشتوە. بە گوتەی فێدرۆڤ، کاربەدەستانی لایەنگری ڕووسیە خەریکی ئامادەکاری بۆ بەڕیوە بردنی گشتپرسی لە مەلیتۆپۆل و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکەدان بۆ لکاندنیان بە ڕووسیەوە، ئەوان هەروەها هێرش دەکەنە سەر خەڵک و پاسپۆرتی ڕووسیە بڵاو دەکەنەوە. ئەو گوتی، "ئێمە هەوڵی گشتپرسی ڕووسیەمان پووچەڵ کردەوە. ئێمە رێگا بە دەنگدان لەژێر لوولەی تفەنگی ڕووسیە نادەین." ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد کە ڕێژەی لایەنگرانی ڕووسیە لەنێو دانیشتواندا لە ٪١٠ تێ‌ناپەڕێ و نیوەیان ڕایان کردوە. گەریلا پەڕۆی زەردی لەو خانووانە داوە کە قەرار بوو تێیاندا دەنگدان بەڕێوە بچێ، هەڕەشەی لە دانیشتووان کرد کە لەوانەیە لە کاتی دەنگداندا ببنە ئامانجی بۆمبان. هێزی بەرگریی لە چالاکی ڕادیکاڵ تا مامۆستا و خانەنشینکراوەکانی تێدایە کە لە پارکەکان گۆرانی ئوکراینی دەڵێن و بە نهێنی باندی زرد و شین دەبەستن. ئۆلێکسی ئالێکساندرۆڤ، کە خاوەنی ڕێستورانێک لە دەروازەی باشووریی ماریوپۆل بوو گوتی، "ڕووسیەییەکان چاوەڕوان بوون بە گوڵ پێشوازییان لێ بکرێ، بەڵام ئەوان تووشی ئەو ڕاستییە بوو کە زۆربەی خەڵک خۆیان بە ئوکراینی دەزانن و ئامادەن بە شێوەی جۆراجۆر بەرگریی بکەن، لە کۆکردنەوەی زانیاریی ڕا بگرە تا سووتاندن و تەقاندنەوەی داگیرکەران." وەک نیشانەیەکی سەرپێچی کردن، لەو دواییانە لە ماریوپۆل، پیاوێکی لاو ئاڵای ئوکراینی لەخۆیەوە پێچا و لە شەقامی نزیک ئەو تیاترە وێستا کە بە بۆمبەکانی ڕووسیە وێران بوو. وێنەکە لە هەموو مێدیاکانی ئوکرایندا بڵاو بۆوە و سەرکۆمار ڤۆلۆدۆمیر زەلەنسکی لە وتارێکیدا بۆ گەل، دەستخۆشیی لێ کرد. زەلەنسکی گوتی، "ئەوە کارێکی گەلێک بوێرانە بوو و من پێم خۆشە سوپاسی بکەم بۆ ئەو کارەی کردی. ئەو پیاوە یەکێک لە ژمارەیەکی زۆر خەڵکە کە چاوەڕوانن ئوکراین بگەڕێتەوە و لە هیچ بارودۆخێکدا داگیرکاریی قبووڵ ناکەن." ئەگەرچی حەزی لایەنگری لە مۆسکۆ لە ناوچە پیشەسازییەکانی دۆنباس کە بە زمانی ڕووسی دەدوێن بەهێزە، بەڵام جووڵانەوەیەکی گەریلایی لەوێش سەری هەڵداوە. فەرمانداری لوهانسک، سەرهی هایدای، گوتی شەش کەس لە ‌هێزەکانی ڕووسیە لە مانگی ڕابردوودا، کاتێک ئوتۆمبێلەکەیان لە لایەن گەریلاوە لە شاری سیەڤیەرۆدۆنێتسک، ماوەیەکی کورت دوای داگیرکردنی ئەو شارە، بریندار بوون. ئەوان هەروەها ڕێگای ئاسنیان کردۆتە ئامانج و گەیاندنی چەکوچۆڵ و پێداویستی دیکەی ڕووسیەیان وەستاندوە. هایدای بە ئەی پی گوت، "گەریلاکان زۆر سەرکەوتوو بوون. ئەوان تەنیا بڵاڤۆکیان بڵاو نەکردوونەوە، بەڵکو ژێرخانی گواستنەوەشیان  لەناو بردوون. ئەوە یارمەتییەکی زۆر بە کەم کردنەوەی هێرەشەکانی ڕووسیە و بەرەوپێش چوونیان دەکات." چاودێران دەڵێن جووڵانەوەی گەریلا لە ناوچەکاندا لێک جیاوازن و لەبەرژەوەندیی هەردوو لادایە لەبارەی گەورەیی ئەوان زێدەڕۆیی بکەن. ڤادیم کاراسەڤ، سەرۆکی ئەنستیتۆی ستراتێژییە جیهانییەکان کە بنکەکەی لە کییەڤە، گوتی: "ڕووسیەییەکان بۆیە ئەوە دەکەن تا ڕەوایی بە سەرکوتی خۆیان لە ناوچە داگیرکراوەکان بدەن لە کاتێکدا لایەنی ئوکراینی لە هەوڵی دەبەزاندنی ورەی هێزە ڕووسییەکان و زیاتر نیشاندانی سەرکەوتنەکانیانن. بڕوا کردن بە هەواڵی دەرمانداو کردنی سەربازانی ڕووسیە بە کیکی ژەهراوی شتێکی دژوارە، بەڵام هێندێک جار ئەفسانە لە ڕاستی کاریگەرترن."   * ئەی پی نیوز – یوراس کراماناو و هاننا ئارهیرۆڤا