کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

PYD هێرشی كردە سەر ڕێوڕەسمی پیشاندانی ئاڵای كوردستان

16:04 - 28 سەرماوەز 2715

كوردستان میدیا: PYD لە ڕۆژئاوای كوردستان هێرشی كردە سەر ڕێوڕەسمی پیشاندانی ئاڵایەکی كوردستان كە بە درێژایی ٢٠٠ میتر سازکرابوو.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەكان، لە ناوچەی گركێ لەگێ لە ڕۆژئاوای كوردستان، PYD هێرشی كردووەتە سەر ڕێوڕەسمی پیشاندانی ئاڵایەکی كوردستان، كە بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵای كوردستانەوە بە درێژایی ٢٠٠ میتر ئامادە كرابوو.

لە كاتی بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمەدا، ئاسایشی PYD بە گازی فرمێسك‏ڕێژ هێڕشی كردووەتە سەر ئەو ڕێوڕەسمە، كە ناڕەزایەتیی توندی خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان بە گشتی و خەڵكی ناوچەكەی بە تایبەتی، لێ‏كەوتووەتەوە.

شایانی باسە كە PYD پێش بە چالاكیی سیاسی و مەدەنیی ئەو هێز و لایەنە سیاسییانە دەگرێ كە لە بەڕەی ENKS دان.

هەروەها PYD ئیزن بەو پێشمەرگانەی ڕۆژئاوای كوردستان كە لە هەرێمی كوردستان پەروەردەی نیزامیان بینیوە نادات کە بۆ پاراستنی وڵاتەكەیان بگەڕێنەوە بۆ نێو خاكی ڕۆژئاوای كوردستان.

PYD لە سەر ئەو باوەڕەیە كە بوونی دو هێزی نیزامی لە ڕۆژئاوای كوردستان، شەڕی نێوخۆیی لێ دەكەوێتەوە و پێویستە ئەو هێزە لە گەڵ YPG تێكەڵ بكرێت و تەنیا لە ژێر ئەو ناوەدا ئەركەكانی خۆی بەجێ بگەیەنێ، بەڵام ENKS لە دژی ئەو بۆچوونەیە و دەڵێ، ئێمە ناچار نین كە لە ژێر هەژمونیی ئیدئۆلۆژیی PYD دا كار بكەین.