کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئابوریی خۆڕاگرانە/ سپای پاسداران ئامادەیی خۆی بۆ هەڵلووشینی پارووە چەورەکەی خامنەیی دەربڕی

23:54 - 4 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: مافیای سەربازی ــ ئابووریی سپای پاسدارانی ڕێژیم ئامادەیی خۆی بۆ ڕۆڵ گێڕانی شوێندانەرانە لە بیاڤی ئابووریی خۆڕاگرانە کە لە لایەن خامنەییەوە بۆ ساڵی نوێ ڕاگەیەندراوە دەربڕی.

ماڵپەڕی دیگربان لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، پاسدار جەزایێری جێگری کاروباری بەسیج و فەرهەنگی بەرگری ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە: گەورە پیشاندانی گەمارۆکان و لابردنیان گوتارێکی بەلاڕێدابەرانەیە.

ناوبراو لە لێدوانێکی پڕ لە تانە و تەشەر لەدژی حەسەن ڕووحانی، سەرکۆماریی ڕێژیم کە هەموو کێشەکانی بە تەحریمەکانەوە دەبەستەوە، گووتوویەتی:گەورە پیشاندانی گەمارۆکان دوورە لە ڕاستییەوە و تەنیا بەمەبەستی شوێندانەری نەرێنی لەسەر بیروڕای گشتی و تێکدانی کۆمەڵگایە.

ئەم فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم لە قسەکانیدا کە چەشنێک لە هەڕەشەکردن بەرامبەر بە باندی ڕووحانی و دەوڵەتی بەناو تدبیر و امید بوو، هەرچەشنە کەمتەرخەمییەک لەمەڕ بڕیارەکانی خامنەیی بۆ بەئەنجام گەیاندنی نەخشەڕێگەی ئابوریی موقاومەتی بە خەسار بۆ ڕێژیم زانی و گوتی: وەها کارێک بەهیچ شێوەیەک جێگەی لێخۆشبوون نییە.

جەزایری گوتوویەتی:بەردەنگی سەرەکی ئابووریی خۆڕاگرانە دەوڵەتی بەڕێزە و سەرباشقەی دیار و بەرچاو کە لەبەردەم دەوڵەت دایە هێزە چەکدارەکانن.

هەروەها پاسدار جەزایێری لە قسەکانیدا وێڕای دەربڕینی بێزاری لە دەرەنجامی خۆبەدەستەوەدانی ناوکی ناسراو بە بەرجام ڕایگەیاندووە: ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان لە دەوڵەت هەیە کە گوێ بە وادە و بەڵێنییە بێ بنەما و دوور لە ڕاستییەکانی بەرەی دوژمن شل نەکات و پشت بە تواناییەکانی ئابوریی موقاومەتی ببەستێت.