کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئانگێلا مێرکێل: دەبێ یارمەتیی پێشمەرگە بدرێت

14:39 - 22 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: ئانگێلا مێرکێل ڕایگەیاندووە کە پشتیوانیی لە کورد، کارێکی دروسته و هاوکاریی لەگەڵ ئەسەد کارێکی هەڵەیە و باسی لەوە کرد کە دەبێ هاوکاریی پێشمەرگە بکەین.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ئانگێلا مێرکێل ڕاوێژکاری ئاڵمان، ڕایگەیاندووە کە بەشار ئەسەد ماوەی ٥ ساڵە زۆر دڕندانە خەڵکی وڵاتی خۆی دەکوژێت و ئێمە ناتوانین هاوکاریی ئەو ڕێژیمە بکەین.

مێرکێل لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی ئاڵمانی بڵاوی کردەوە کە بەشار ئەسەد، ڕێبەری سووریه، تا ئێستاش خەڵکی خۆی بۆمباران دەکات، بۆیە ئەسەد ناتوانێت دژی داعش شەڕ بکات و هاوپەیمانی ڕۆژئاوا بێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ئەسەد لە داهاتووی سووریەدا جێگای نییە.

ئەرتەشی وڵاتی ئاڵمان، ڕاستەوخۆ لە دژی داعش شەڕ ناکات، بەڵام هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات و مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگەش دەکات.

مێرکێل پشتیوانیی خۆی لە پێشمەرگەی کوردستان کە دژی داعش شەڕ دەکەن بە گرینگ وەسف کرد و گوتی کە پێشمەرگە تا ئێستا سەرکەوتنی بەرچاویان بەدەست هێناوە.

پاش كۆنفڕانسی ئاشتیی جیهانی کە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لە ئاڵمان بەڕێوەچوو و مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشداریی کرد، چەند وڵاتێكی ناو بەرەی جیهانیی دژی داعش، پرسی پێدانی ڕاستەوخۆی چەكی قورس بە هێزی پێشمەرگەیان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی چەكدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش تاوتوێ کرد.

جێنیفێر ساكی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاندبوو: ئەمریكا ‌و وڵاتانی هاوپەیمان بەگشتی ‌و وڵاتی ئاڵمان بە تایبەتی، بڕیاریان داوە کە بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە چەکی قورس پڕچەک بکەن.

بەپێێ ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، پاش ئەم بڕیارە، وڵاتی ئاڵمان بە پێدانی چەكی دژە تانک بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێشخەریی كردووە.

حکوومەتی ئاڵمان هەروەها بڕیاری داوە کە جگە لە چەکی دژەتانک، ژمارەیەكی زۆر هاوەن‌ و تەقەمەنیی پێویست ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بكات\'\'.

پێشتریش فرانك شتان مایەر، وەزیری‌ کاروباری دەرەوەی‌ ئاڵمان ڕایگەیاندبوو کە سەرەڕای ‌ناڕەزایەتییەكان، وڵاتەكەی پشتیوانی‌ له هێزی‌ پێشمەرگەی ‌كوردستان دەكات‌ و لە ڕێگەی‌ پێدانی‌ چەك‌ و تەقەمەنیشەوە هاوكارییان دەكات‌.