کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی هەواڵدەریی لیدیزۆن: کوردستان دەوڵەتە نوێیەكەی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاسته

14:55 - 15 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: ئاژانسی هەواڵدەریی لێدیزۆنی فەرانسە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە کوردستان دەوڵەتی نوێی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.

ئەو ئاژانسە هەواڵدەرییەی فەرانسە، ڕۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٤ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، بڵاوی کردەوە؛ ئه‌گەر لە ئێستادا سەیر بكەین دەبینین كوردستان پارلەمانێک و حكوومەتێكی كوردیی ھەیە. كورد ٣٥ میلیۆن كەسە. ڕووبەری كوردستان ٥٠٠ ھەزار كیلۆمیتر دووجایە، كوردەكان نە بەزمانی عەرەبی نە بەزمانی توركی و فارسی قسە ناكەن، بەڵكو زمانی خۆیان ھەیە، كە ئەویش زمانی كوردییە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە، لە ئێستادا ١٨ میلیۆن كورد لە باكووری كوردستان دەژین ٧ میلیۆن لە باشوور، ٨ میلیۆن لە ڕۆژھەڵات و ٢ میلیۆن كورد لە ڕۆژئاوا.

هەروەها ئەو ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعس، كوردستان بە شێوەیەكی سەرسوڕھێنەر گەشەی كرد، كوردەكان كەوتنە بەھێزكردنی پێگەی خۆیان بەجۆرێک کە كوردەكانی پارچه‌كانی‌تر ڕوویان لە ھەرێمی كوردستان كرد. چەندین وڵات نوێنەرایەتییان لە ھەرێمی كوردستاندا كردەوە، كوردستان بوو بە مۆدێلێكی دێموكراسی لە ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاستدا.

دوای ئەویکە کوردستان بەم چەشنە کەوتە ڕۆژەڤی هاوکیشە سیاسییەکانی جیهان، دەوڵەتی عێراق كەوتە ململانێی كوردستان بۆ ئەوەی ڕێگر بێت لە ھەنگاونان و بەرەوپێشەوەچوون. بۆیە پێشمەرگەی وەک ھێز قبووڵ نەكرد لە عێراقدا، دوای ئەوەی شەڕی داعش دەستی پێكرد، داعش ھێرشی بۆ سه‌ر كوردستان كرد و ئەو ناوچانەی كەوا لەژێر كۆنتڕۆڵی عێراقدا بوون، كەوتنە ده‌ست داعش، بەڵام پێشمەرگە توانی ئەو ناوچانە وەربگرێتەوە لە داعش و ئاڵای كوردستانی لێ ھەڵبكات.

پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بووەتە ڕۆژەڤی کۆڕ و کوبوونەوە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان و چەندین وڵاتی ڕۆژئاوایی و هەروەها ٣٤ وڵاتی ناوچەکە پشتیوانیی خۆیان لە دەوڵەتی کوردی ڕاگەیاندووە.