کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکادێمی سۆئێد کۆماری ئیسلامیی بە پێشێلکاری ئاشکرای یاسا نێونەتەوەییەکان تاوانبار کرد

17:19 - 7 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: پاش دیاری کردنی پاداشتی ٦٠٠ هەزار دۆلاری بۆ کوشتنی سەلمان ڕۆشدی لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ئاکادێمی سۆئێد وێڕای پشتگیریی کردن لەم نووسەرە هێندی – بریتانیاییە، ڕێژیمی تارانی بە پێشێل کردنی ئاشکرای یاسا نێونەتەوەییەکان تاوانبار کرد.

ئاکادێمی سۆئێد کە بەرپرسی هەڵبژاردنی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیاتە، لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ڕێکەوتی ٢٤ی مارس بەرانبەر بە 5ی خاکەلێوە، کە لە ڕۆژنامەی Dagens Nyheter چاپی ستۆکهۆڵمدا بڵاو کراوەتەوە، حوکمی ئێعدام و دیاریی کردنی خەڵات بۆ کوشتنی سەلمان ڕۆشدیی ئیدانە کردووە.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە؛ دەرکردنی حوکمی کوشتنی نووسەرێک بە بیانووی چاپی کتێبێکی ئەدەبی بە واتای پێشێل کردنی ئاشکرای ئازادیی بەیان و یاسا نێونەتەوەییەکانە.

لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا و لە سێهەمین پیشانگای ڕاگەیەنە دیجیتاڵییەکاندا،٤٠ دامەزراوە و دەزگای ڕاگەیاندنی سەر بە کۆماری ئیسلامی، ٦٠٠ هەزار دۆلاریان بە خەڵاتی ٣ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلارییەکەی بونیادی ١٥ی خۆرداد زیاد کرد کە بۆ کوشتنی سەلمان ڕۆشدی دیاری کرابوو.

سەلمان ڕۆشدی لە ساڵی ١٩٨٩دا، پاش چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی ئایە شەیتانییەکان لە لایەن خومەینییەوە بە مۆرتەد ناسرا و فەتوای قەتڵەکەی دەرکرا.