کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بان كی مۆن، پاڵپشتیی كۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند

17:24 - 8 خاکەلێوه 2716

كوردستان میدیا: سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند؛ پێشمەرگە ناوێكی ناسراوە لە ئاستی جیهانیدا كە لە هێڵی یەكەمی پاراستنی جیهان لە هەڕەشەی تیرۆردایە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دێموكراتی كوردستان، ڕۆژی شەممە ٢٦ی مارسی ٢٠١٦، لە شاری هەولێر مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی باشوور، پێشوازیی لە بان كی مۆن سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێك هاتبوو لە جیم یۆنگ كیم سەرۆكی بانكی جیهانی، ئەحمەد عەلی سەرۆكی بانكی گەشەپێدانی ئیسلامی و جان كۆبیس نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكار و بەرپرسی نەتەوە یەكگرتووەكان و بانكی جیهانی و بانكی گەشەپێدانی ئیسلامی.

لەو دیدارەدا سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند؛ جیهان ئاگاداری ئەو هەڕەشانەیە كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە و سەركەوتنی كورد لەو شەڕەدا و لە بارودۆخێكی سەختی ئابووری‏دا، جێگەی سەرسامیی هەموو جیهانە. ناوبراو هەروەها سوپاسی خەڵكی كوردستان و حكوومەتی هەرێمیشی كرد كە شانیان داوەتە بەر حەواندنەوەی سەدان هەزار ئاوارە و لێقەوماو. سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەوەشی دووپات كردەوە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتی هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژ بە تیرۆر و چارەسەری قەیرانی سیاسی و ئابووریی هەرێمدا دەبێت.

هەر لەم دیدارەدا سەرۆكی بانكی جیهانی باسی لە هەوڵەكانی بانكی جیهانی بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان كرد و ڕایگەیاند؛ هەرێمی كوردستان شیاوی ئەوەیە جیهان پشتیوانی بێت. هەروەها لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی بانكی گەشەپێدانی ئیسلامی لە وتەیەكدا پێداگریی لەسەر هاوسۆزیی و پەرۆشیی بانكی گەشەپێدانی ئیسلامی بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە و ڕایگەیاند بۆ ئەوە هاتووە كە لەگەڵ بانكی جیهانیدا یارمەتیی حكوومەتی هەرێم بدەن لە سەرخستنی چاكسازی و یارمەتیدانی ئاوارەكان و هەروەها هاوكاری‏كردن بۆ گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ناوچە ئازادكراوەكان.