کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە کوشت‌چوونی ئەسبی کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت

15:49 - 4 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: کاروانی کۆڵبەرانی کورد لە کاتی تێپەڕبوون لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت کەتووەتە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران و لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ریژیم ١٤ سەر ئەسبی بارهەڵگر لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە بە کوشت چوونە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەر لە بەیانی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٣ی رەشەممەی ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی بەندەن لە نزیک رەزگە لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت کەتوونەتە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران و لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ریژیم ١٤ سەر ئەسبی بارهەڵگر لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە بە کوشت چوونە.

دەوترێت کە هێزەکانی رێژیمی ئێران پاش ئەو کردەوە، کەلوپەلی ئەو کۆڵبەرانەیان زەوت کردووە.

کۆڵبەرانی کورد بەردەوام لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە تەقەیان لێ دەکرێت و ساڵانە سەرەڕای بە کوشت‌چوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئاژەڵە بارهەڵگرەکان، کەلوپەلەکانیان زەوت دەکەن و ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆڵبەرانی کوردیش بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم دەکوژرێن و بریندار دەبن.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٩٤ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان و جاددەکانی کوردستان کوژراون.

لە ماوەی ٩ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٥٦ کۆڵبەری کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئێران لە کوردستان کوژرا و بریندار بوونە کە لەو رێژەیەدا ٢٠ کەسیان کوژرا و ٣٦ کەسیان بریندار بوونە.

هەروەها لەو ماوەیەدا، ٤٠ هاووڵاتیی کورد لە جاددە و رێگە پەیوەندییەکانی کوردستان کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم و لە ئەنجامدا ١٥ هاووڵاتیی کورد کوژرا و ٢٥ دیکەش بریندار بوونە.

کوشتنی سیستماتیکی هاووڵاتیان و کۆڵبەرانی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات لە راپۆرتی مافی مرۆڤی ئەحمە شەهید، رێپۆرتێری تایبەت لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێراندا ئاماژەی پێکراوە.

ئەحمەد شەهید لە راپۆرتی خۆیدا لە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی کورد لە رێگە پەێوەندییەکانی کوردستان رەخنەی توندی گرتووە.

ئاویەر. ت