کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەجێهێشتنی دانوستان، رێگای پێشنیار کراوی بەرپرسێکی رێژیم لە ئەگەری سەپاندنی گەمارۆ

15:25 - 11 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی رێژیمی ئێران رایگەیاندووە لە ئەگەری پەسندکردنی گەمارۆی ئابووری لە کاتی دانوستانەکاندا، باشترین رێگا بەجێهێشتنی دانوستانەکانە و هاوتەریب دەبێ پیتدانی لە سەدا ٦٠یش بەڕێوە بچێت.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکانی نزیک بە رێژیمی ئێران، بەرپرسێکی ئەو رێژیمە رایگەیاندووە کە بابەتی ناوکی و دانوستان و رێکەوتنەکان تەنیا لە دەستی وەزارەتی دەرەوەدا نییە و نوێنەرانی مەجلیس بە هیچ جۆرێک ناچنە ژێر باری رێکەوتنێکی خراپ.

هەروەها ئەو بەرپرسەی رێژیم رایگەیاندووە کە ئەگەر لایەنەکانی دانوستانکار لەگەڵ ئێران، لە کاتی ئەنجامدانی دانوستانەکان گەمارۆی تازە دژی ئیران پەسند بکەن باشترین کار ئەوەیە کە دانوستانەکان بەجێ بهێڵین.

لەو پەیوەندییەدا دەبیری شورای نیگابانی رێژیمی ئێران لە بارەی ئەگەری قورسترکردن و درێژکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان رایگەیاندووە کە چە کێشەیەکی هەیە ئەگەر دۆخەکە خراپتر بوو رۆژێ ژەمێک چێشت بخۆین.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: لەوانەیە کاتێک دابێت کە ئێمە رۆژێ دوو ژەم چێشت بخۆین؛ چ کێشەیەکی ئەگەر دۆخەکە خراپتر بوو رۆژێ تاقە ژەمێک بخۆین.

ئەو وتەیەی بەرپرسانی باڵای رێژیم لە حاڵێکدایە کەسەرەڕای هەوڵەکانی ئۆباما بۆ پێشگرتن لە پەسندکرانی گەمارۆی نوێی دژی رێژیمی ئێران، کۆمیتەی بانکیی سێنای ئامریکا گەڵاڵەی قورسترکردنی گەمارۆکانی لە ئەگەری بە ئاکام نەگەیشتنی دانوستانە ناوکییەکان، پەسند کردوە.

دانوستانەکانی گرووپی ١+٥ لەگەڵ رێژیمی ئێران چەند رۆژ پێش ئێستا لە ئێستامبووڵی تورکیە بێ هیچ ئاکامێک کۆتایی پێهات و رێژیمی ئێران بە کڕینی کات لە هەوڵی ئەوە دایە کە دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات کە ئەوەش نیگەرانی وڵاتانی دراوسێ و شەش وڵاتی زلهێزی جیهانی لێکەوتووەتەوە.

پێداگری رێژیمی ئێران لەسەر بەرنامەی ناوکی لە حاڵێکدایە کە ئەو وڵاتە لە بواری ئابووری لە دژوارترین حاڵەتی خۆی دایە و بە وتەی بەرپرسانی رێژیم لەسەدا ٧٠ی کارگە بەرهەمهێنەر و کارخانەکان لە ئێراندا داخراون و لە نوێترین ئاماردا کە رێژیم بڵاوی کردووەتەوە لە سەدا ١٠ حەشیمەتی ئێران لەژێ هێڵی هەژاریدا دەژین.
لەو پەیوەندییەدا بانکی جیهانی رۆژی سێشەممەی حەتووی رابردوو لە راپۆرتێکدا لەژێر ناوی دورەدیمەنی ئابووری جیهان ی بڵاوی کردووەتەوە کە دورەدیمەنی ئابووریی ئێران ناڕوونە و سەبارەت بە ئابووری ئەو وڵاتە گەشبین نییە.
ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە سەبارەت بە ئێران بڵاوی کردووەتەوە سەرەتا ئابووری ئێران لەگەڵ دوو کێشەی سەرەکی بەرەوڕوویە کە یەکێکیان گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانە کە بەربەستێکی گەورەیە بۆ پەرەسەندنی ئابووریی ئەو وڵاتە و پاشان گرێدراوی ئابووری ئەو وڵاتە بە نەوتە کە لەو بارودۆخەی ئێستادا کە نرخی نەوت بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە هیچ سوودێکی بۆ ئێران نییە.
بەپێی ئەو راپۆرتە ئێران بۆ هاوسەنگیی بوودجە پێویستە هەر بەرمیلێکی نەوت بە سەرووی ١٣٠ دولار بفرۆشێت لە حاڵێکدا هەنووکە هەر بەرمیل نەوتی خاو ٤٥ دولارە. 

گادەر. د