کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرخۆدانی بانە بەردەوامە

16:28 - 13 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: نۆزدەیەمین ڕۆژی مانگرتنی شاری بانە بۆ سەرشۆڕتر کردنی ڕێژیم بەردەوامە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ ١٣ی بانەمەڕ پاش ١٩ ڕۆژ لە مانگرتنی یەکگرتووانەی خەڵکی شاری بانە بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر سیاسەتە دژی گەلییەکانی ڕێژیمی تاران هێشتا هیچ وڵامێکی ڕوون بە داواکارییەکانی خەڵک نەدراوەتەوە.

داخستنی دووکان و بازاڕەکانی شاری بانە کە وەک پساندنی زنجیری ستەمکاری ڕێژیم لە کوردستان پێناسەی بۆ دەکرێ، لە حاڵێکدا پێی ناوەتە ١٩مین ڕۆژی خۆی کە چاوسوورکردنەوە و هەوڵدان بۆ ترساندنی مانگرتووان لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە بەردەوامە.

بەرخۆدانی بانە دژ بە دەسەڵاتی تاڵانچی تاران کە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا کەم وێنە بووە، دەرخەری ئیرادەی پۆڵایینی گەلێکی بەشخوراوە؛ کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەوڵی داوە بە پچڕاندنی هێڵی ئینتێرنێت و زاڵ کردنی کەشی ترس و تۆقاندن دەنگی مافخوازانەی ئەم گەلە بە گوێی دنیا نەگات بەڵام مێژوو نیشانی داوە کە هەقێقەت ناشاردرێتەوە.

خەڵکی مانگرتووی بانە وێڕای ئەوەیکە داوای هاوکاری و پشتگیریی خەڵکی شارەکانی دیکەش دەکەن تاکوو پرسی نانبڕکردن و قڕکردنی گەلی کورد کۆتایی پێ بهێنرێت، ڕایانگەیاندووە کە تا گەیشتن بە ماف و داخوازەکانیان لە مانگرتن بەردەوام دەبن.

بەپێی دوایی زانیارییەکان ڕێژیم بۆ دڵساردکردنەوەی مانگرتووان هەندێک لە دەستوپێوەندییەکانی خۆی، کە ناوەکانیان لای ئێمە پارێزراوە، هان داوە تاکوو تۆوی بێهیوایی لە نێو خەڵکدا بڵاو بکەنەوە و وا بنوێن کە ئەم بەرخۆدانە ئەنجامێکی نابێت بەڵام خەڵک یەکگرتووانە دژە ئەم چەشنە هەڵوێستانەی ڕێژیم وەستاونەتەوە.