کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەناو نوینەرانی مەجلیس سەرقاڵی تاڵانکارین

14:36 - 27 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: بەناو نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم، لە ڕاستای بەرژەوەندییە کەسییەکانیان، سەرقاڵی تاڵانکارین و بۆ خۆیان بوونەتە سەرباشقەی گەندەڵی.

لە درێژەی بەتاڵان بردنی داهات و سەرمایەکانی وڵات، ئەندامانی مەجلیسی ڕێژیم ڕێککەوتوون کە مووچەی مانگانەیان، بەڕێژەی ٧٠% زیاد بکەن؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەژاری و بێدەرەتانی هەموو سووچ و قوژبنێکی ئێرانی تەنیوەتەوە.

بەپێی دوایین هەواڵە پێوەندیدارەکان، کۆمیتەی بودجەنووسی مەجلیسی ڕێژیم، بۆ بردنەسەری مووچەی بەناو نوێنەران، بە ڕێژەی ١٠ میلیۆن تمەن لە مانگدا ڕێککەوتوون؛ هەڵبەت ئەم مزگێنییە خۆشە تەنیا بۆ گەندەڵکارەکانی نێو مەجلیس نییە بەڵکوو بڕیار وایە تێچووی نووسینگەکانیشیان بەپێی نرخی هەڵاوسان ١٠ – ١٥ % زیاد بکرێ!

ئەم زیادکردنی مووچە لەکاتێکدا پەسند کراوە کە لە گەڵاڵەی بودجەی ئەمساڵدا، بڕیارە یارانەی نەختی ٣٠ میلیۆن کەس ببڕدرێت و نرخی بێنزین و سووتەمەنییەکانی دیکەش زیاد بکرێن کە ئەمە بەواتای گوشاری زیاتر بۆ سەر چینی کەم‌داهات و نێونجی ئێرانە.

پێشتر مووچەی ساڵانەی ئەم کەسانە بەم چەشنە بوو: مووچەی نوێنەرایەتی ٥ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن، تێچووی نووسینگەی نوێنەرایەتی لە تاران و تێچووی ماشین هەر کام ٤ میلیۆن تمەن، تێچووی کرێ خانوو ٦ میلیۆن تمەن، تێچووی دابین کردنی ماشین لە حەوزەی هەڵبژێران و تێچووی نووسینگەی نوێنەرایەتی لە شارەکان و تێچووی سەفەرە نێوخۆییەکان هەرکام ٢ میلیۆن تمەن، تێچووی بەرپرسی نووسینگە و تێچووی بادیگارد و تێچووی شۆفیر هەر کام ٣ میلیۆن تمەن و هەروەها پاداشتی نوێنەرایەتی هەر سێ مانگ جارێک کە بڕەکەی ٣٠ میلیۆن تمەنە.

زیادکردنی مووچەی ئەم قۆڵبڕ و تاڵانچییە یاساییانەی سەر بە ڕێژیم، لە کاتێکدایە کە مووچەی مانگانەی کرێکاران لە ئێران، پاش چەندین مانگ مشت‌ومڕ و گووشاری ناوەند و سەندیکا کرێکارییەکان، بە ٩٣٠ هەزار تمەن دیاری کرا.