کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوچوونی رێوڕەسمی بەشکۆ بە بۆنەی ساڵی نوێ لە کوردستانی رۆژهەڵات

16:52 - 2 خاکەلێوه 2715

کورستان میدیا: نەورۆزی ئەمساڵ لە کوردستانی رۆژهەڵات ئێران بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و بەدەستەوە گرتنی وێنەی دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی پێشووی حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران، ئاگردانی ئاڵای گرووپی داعش و چەندین کردەوەی نەتەوەیی دیکە بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرەڕای هەڕەشە و هەوڵی هەمە لایەنەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و بەربەست نانەوەی ئەمنییەتی لە پێناو بەرگری لە بەڕێوەچوونی نەورۆز لە کوردستان، هاووڵاتییانی کورد لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان بە هەڵکردنی ئاگر و بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی بەشکۆ، بەرەوپیری ساڵی نوێ رۆیشتوون.

راپۆرتە گەیشتووەکان بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان باس لەوە دەکەن کە هاووڵاتییانی کورد بە تایبەت لاوەکان، لە فەزایەکی تەواو ئەمنییەتی و پۆلیسی و سەرەڕای هەڕەشەی ناوەندەکانی رێژیمی ئێران، بەرچاوتر و بەرینتر لە ساڵانی رابردوو، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٩ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی تایبەتی نەورۆز بەرەوپیری ساڵی نوێ چوون.

ئەم راپۆرتانە باس لەوە دەکەن کە نەورۆزی ئەمساڵ حیماسی‌تر لە ساڵانی رابردوو و بە کردەوەی نەتەوایەتی لەلایەن لاوانەوە بەڕێوەچوو.

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی نەرۆز بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و بەدەستەوە بوونی وێنەی شەهید دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی سکرتێری گشتیی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی نێی سەر بە شاری مەریوان و ئاگردانی ئاڵای گرووپی تیرۆریستی داعش لە هەندێک لە شار و گوندەکانی کوردستانی ئێران و هەڵکردنی ئاگرێکی گەورە کە وشەی کوردی هەتا دەیان کیلۆمیتر خستبووە بەرچاو لەلایەن لاوانی گوندی قەڵارەش سەر بە شاری سەردەشت رێوڕەسمی تایبەتی نەورۆز بەڕێوەچووە.

ئاویەر.ت