کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەبردنی رێوڕەسمە حکوومەتییەکان لە مزگەوتەکانی کوردستان و ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی کورد

15:20 - 17 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێران بەردەوام بۆ پڕۆپاگاندە و بەڕێوەبردنی رێورەسمە حکوومەتییەکان لە مزگەوتەکان کەڵکی وەرگرتووە و ئەو سیاسەتەی رێژیم بەردەوام ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ناوەندەکانی رێژیمی ئێران لە مانگی رێبەندانی هەموو ساڵێکدا لە مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی شار و گوندەکان رێوڕەسمی تایبەت بە بۆنەی ناسراو بە دەهەی فەجر بەڕێوە دەبەن.

راپۆرتەکانی گەیشتوو لە رەبەت باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی رێژیمی ئێران لە مزگەوتەکانی ئەو شارە و گوندەکانی سەر بەو شارە پڕۆپاگەندە و رێوڕەسمی حکوومی بەڕێوە دەبەن.

بەپێی راپۆرتەکان گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکان، سەرەڕای ئەوەیکە پێشوازی لە بەڕێوەچوونی ئەو رێوڕەسمانە ناکەن، بەڵکوو بەردەوام لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمە حکوومەتییەکان لە مزگەوتەکان و کەڵک وەرگرتن لە مزگەوتەکان بۆ ئامانجە تایبەتەکانی رێژیم، ناڕەزایەتیان دەربڕێوە.

دەوترێت کە ناوەندەکانی رێژیمی ئێران دوای تەواوبوونی بۆنە حکوومەتییەکان و بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکان بێ خاوێن کردنەوە، مزگەوتەکان بەجێ دێڵن.

بەپێی ئەو راپۆرتانە رێژیمی ئێران هیچ بوودجەیەکی بۆ دروستکردنی مزگەوت لە گوندەکان دابین ناکات و دوای دروستکردنی مزگەوت لە گوندەکان رێورەسمە حکوومەتیەکانی تێدا بەڕێوە دەبات.

ئاویەر. ت