کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تڕاویلکەی خۆشبژێوی!

23:51 - 1 بانەمەڕ 2722

شەماڵ تەرغیبی

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژانی ڕابردوودا وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی بە هەوڵدان بۆ خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن ڕایگەیاند: "ئابووریی ئێران سەرەڕای تەحریمەکان شکستی نەخواردووە و بەپێچەوانەی پێشبینی بیانییەکان، ئێران مایەپووچ نەبووە و ئەمەش وای کردووە کە کۆماری ئیسلامی ببێتە نموونەیەکی دیار لە جیهاندا کە تووشی قەرز نەبووە؛ نموونەیەک کە خەڵکانی دیکە ئاواتی بۆ دەخوازن!؛ دەشڵێ: "وڵاتی ئێمە سەرباری تەحریمەکان و گوشارەکان تووشی قەرز نەبووە!"؛ لەوپەڕی ڕووهەڵمالراویشدا دەڵێ: "ئەگەر ئێمە تەحریم نەدەکراین نەماندەتوانی ئێستە بۆ خۆمان واکسەنی دژ بە کۆرۆنا ساز بکەین!".

ئەم قسانە لەکاتێکدا دێنە گۆ کە بەپێی خودی ئاماری بانکی ناوەندیی ڕێژیم، ئێران بڕی ٨ میلیارد دۆلار قەرزی دەرەکی و ٢٧٧ میلیارد دۆلار قەرزی ناوخۆیی هەیە و دەوڵەتیش بڕی ١٦٥ هەزار میلیارد تمەن بە بانکی ناوەندی و بڕی ٥٨٧ هەزار میلیارد تمەن بە بانکەکانی دیکە قەرزدارە! ئیتر باس کردن لەو بەشەی قسەکانی خامنەیی کە دەڵێ ئابووریمان شکستی نەخواردووە دەهێڵینەوە بۆ خودی کارناسانی ڕێژیم و یەک لەوان موسا میرجەهانمەردی سەرۆکی ماڵی کرێکار لە بووشێهر کە دەڵێ: زیاتر لە ٧٠٪ی کۆمەڵگای ئێران توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆیانیان نییە! ئیتر پرسی کۆرۆنا و واکسەنێک کە ناوبراو شانازی پێوە دەکات لە جێی خۆیدایە کە نەتەنیا نەیانتوانی کۆنترۆڵی بکەن بەڵکوو بووە هۆکارێکی سەرەکی بۆ مایەپووچبوونی زیاتری سەرمایەدارەکان و هەژارتربوونەوەی خەڵکانی چینی هەژار و کەمداهات. بەچەشنێک کە سەرلەبەری ئامار و ڕاپۆرتە ئابوورییەکانی ناوەند و دەزگا حکومەتییەکان باس لەوە دەکەن کە ئابووریی ئێران بەردەوام لەحاڵی داتەپینە. بۆنموونە دواڕاپۆرتی دەزگای بەناو بەرنامە و بودجەی کۆماری ئیسلامی هۆشداری داوە کە ئەگەر پێکهاتە و گرێچنی ئابووریی کۆماری ئیسلامی پێداچوونەوەی جیددی، بنەڕەتی و زانستییانەی بەسەردا نەکرێت تا ساڵی ١٤٠٣ دەگاتە سنووری مایەپووچ بوون و بە درێژەکێشانی تەحریمەکانیش دۆلار تا ساڵی ١٤٠٦ دە قات لە ئێستە گرانتر دەبێ! کە ڕوونە گرانتربوونی دۆلار یەکسانە لەگەڵ گرانتربوونی پێداویستییەکانی ژیان بەگشتی.

یان دواڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەیی ژووری بازرگانی ئێران جێگەی سەرنجە کە دەڵێ: " چوونە سەری نرخەکان و کەمیی هەستپێکراوی نەختینەیی، وای کردووە کە ڕێژەی کڕینی پێداویستییەکانی ژیان لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا بگاتە کەمترین ئاستی خۆی بەبەراورد لەگەڵ ٧ مانگی تێپەڕیو."

ئامارەکانی وەزارەتی کاریش دەریان خستووە کە نێونجی نرخی زیاتر لە ٨٣٪ی پێداویستییە خۆراکییە ڕۆژانەکانی خەڵک لە سنووری قەیران تێپەڕیون و خەڵک لە دابینکردنیان دۆشداماون.

 جا با کەسێکی وەک ئیبراهیم ڕەئیسیش هەتا ئێوارە هاوار بکات کە ئامادەیە بۆ ئیسڵاحی بنچینەیی لە ئابووری، ئابڕووی خۆی بخاتە گرێو! بەڵام ئابڕووی قەت‌نەبووی ڕەئیسی و دەوڵەتەکەی و خامنەییش نە دەبێتە نان، نە دەبێتە ئاو و نە دەبیتە هۆی بەردەوامیی ژیان لە ئێران.

ئەگەر رەئیسی و حکومەتە ئیسک‌گرانەکەی خەمی سفرەی خەڵک و داهاتوو و چارەنووسی ئەوانیان ببوایەت وڵامیکی کرداری و پراکتیکییان بۆ مانگرتن و ئێعترازە بەردەوامەکانی خەڵک دەبوو کە ڕۆژانە کۆ دەبنەوە، لێیان دەدرێ، لێیان دەگیرێ و ئازار دەدرێن بەڵام دیسانیش هەر دێنەوە سەر شەقام و دروشم دەدەن؛ هەڵبەت بڕێ سروشتی دێتە بەرچاو کە بەلای دەسەڵاتەوە ئەم کۆبوونەوانە گرینگ نەبێت چونکە خۆیان هیچ کات برسیەتییان ئەزمون نەکردووە و نازانن کاتێک منداڵێک بە بابی دەڵێ برسیمە و ئەویش بێدەسەڵاتە بۆ دابینکردنی ژەمەخواردنێک، چ هەستێکی هەیە!

پرسێکی گرینگی دیکە کە لەم نێوانەدا دەبێ ئاوڕی لێ بدرێتەوە هەوڵی سیستماتیکی حکومەت لە ژێر ڕێنوێنی کەسێکی وەک خامنەییە کە بەردەوام هەوڵ دەدات تڕاویلکەیەک لە ئاسایش و خۆشبژێوی بۆ خەڵک وێنا بکات و بە خۆی و دامودەزگا بەدناوەکانییەوە، لەوانەش دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی، هەوڵ دەدەن خەنەی کاڵ و بێڕەنگیان بە سەری خەڵکی لێقەوماودا بساون و پێیان بقبوڵێنن کە داهاتوومان زۆر گەشە و دەبێ چاوەڕوان و هیوادار بن!

بۆ نموونە خامنەیی لە دیدارێکیدا لەگەڵ بەشێک لە بەڕێوەبەرانی دەزگای ویلایەت بە ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوە دەڵێ: "دڵخۆش بن ئابووری تەنیا پێوەرێکە و هیچی تر. ئێوە دەبێ ئەو وێنا ڕاستەقینە بینن کە هەیە؛ ئێمە خاوەن هەندێک لایەنی بەهێزین کە سەری بەرز ڕاگرتووین! لەوانەش بوونی ئەمنیەت و پەرەسەندنی هێزی ستراتژیکمان لە ناوچە بەتایبەت لەبواری دزەی مەعنەوی! کە ئەمانە کۆماری ئیسلامییان کردووەتە نموونەیەکی سەرنجڕاکێش و تاقانە"؛ کە ڕوونە مەبەستی ناوبراو لە پەرەسەندنی هێزی ستراتێژیک لە ناوچە، پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی لە گرووپە میلیشیاییەکان لە یەمەن و عێراق و لوبنان و سوریایە کە هەم بووەتە مایەی ماڵوێرانی و ئاوارەبوونی دەیان میلیۆن کەس و هەمیش وێرانی و خاپووربوونی ئەو هەرێم و ناوچانەی کە گرووپەکانی تاران تێیدا بوونیان هەیە، ئەویش بە پارە و داهات و سامانی خەڵکانی ئێران.

ئەگەر دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکە و هەوڵدان بۆ ئاژاوەگێڕی و گێرەشێوێنی بۆ ناسەقامگیرکردن، نیشانەی بەهێزی و نفووزی مەعنەوی بێت، کەواتە ئەو خەڵکانەی کە لە شەقامەکانی بەغدا و بەسرە و باشووری عێراق هەڵدەکوتنە سەر بارەگاکانی تاران و ئاڵای ڕێژیم و وێنەی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی دەسووتێنن چۆن پێناسە دەکرێن؟

بەلەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییانە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە، ئەوەی تاران بانگەشەی بۆ دەکات نەتەنیا فڕی بەسەر ڕاستییەوە نییە بەڵکوو تەنیا هەندێ درۆ و دەلەسەی ڕەنگاڵەیە بۆ سازکردنی تڕاویلکەیەکی هیوابەخش بە خەڵک تاکوو بەردەوام بن لە ژیان! ژیانێک کە لیپاولیپە لە چەرمەسەری و نەهامەتی داماوی؛ کە بەدڵنیاییەوە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە لە هەموو بوارەکانی ژیان و لەسەرووی هەمووان لایەنی ئابووری، کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ شویندانەری لەسەر بیاڤەکانی تری ژیانیش دادەنێ، وا دەکات کە ژیان لە مانای ڕاستەقینەی خۆی لە ئێراندا بەتاڵ ببێتەوە.