کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنبەستی داماڵینی چەک لە حیزبوڵڵا؛ لوبنان لە دیلیی ستراتیژیی بەوەکالەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا

12:14 - 1 بەفرانبار 2725

 ڕەحیم نزهەت‌زادە

 

پرسی چەکداماڵینی حیزبوڵڵای لوبنان، جارێکی دیکە بووەتە یەکێک لە سەرەکیترین قەیرانە سیاسی و ئەمنییەتییەکانی ئەو وڵاتە؛ قەیرانێک کە نەک تەنیا داهاتووی سەقامگیریی لوبنان، بەڵکوو خودی چەمکی سەروەریی نیشتمانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا، ڕووبەڕووی تەحەدا دەکاتەوە.

لێدوانەکانی ئەم دواییەی سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا، کە بە توندی هەر جۆرە چەکداماڵینێکی ڕەت کردەوە، تەنانەت لە بەرانبەر کۆدەنگییەکی جیهانیشدا، ئەوەی خستەڕوو کە گرووپەکە خۆی نەک وەک بەشێک لە پێکهاتەی دەوڵەتی لوبنان، بەڵکوو لە دەرەوەی ئەو پێکهاتەیەدا پێناسە دەکات و دەبینێتەوە. هەڵوێستێکی لەم جۆرە زیاتر لە هەموو شتێک، سروشتی ڕاستەقینەی حیزبوڵڵا ئاشکرا دەکات: هێزێکی بەوەکالەت کە بڕیارە ستراتیژییەکانی، نەک لە بەیروت، بەڵکوو لە چوارچێوەی سیاسەتە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا وەردەگیرێن. لە ڕوانگەی سیاسی و یاساییەوە، سنووردارکردنی هەبوونی چەک بەتەنیا بەدەست دەوڵەتەوە، یەکێکە لە بناغە بنەڕەتییەکانی هەر دەوڵەتێکی سەربەخۆ. لە کاتێکدا لە وڵاتێک گرووپێکی چەکدار لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دامەزراوە فەرمییەکاندا، دەسەڵاتی شەڕ و ئاشتیی بەدەستەوە بێت، چیتر دەسەڵاتی ئەو وڵاتە ناتوانێت ئیدیعای سەروەری بکات.

 لوبنان ساڵانێکە لەگەڵ ئەم دژایەتییەدا ژیاوە، باجی ئەو دژایەتییەشی، بە لاوازکرانی دامەزراوەکانی دەوڵەت، داڕمانی ئابووری، کۆچی بەربڵاو و داڕمانی قووڵی متمانەی گشتیدا بژاردووە. حیزبوڵڵا، بەبێ پشتیوانیی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، نە ئەو توانا سەربازییەی ئەمڕۆی و نە ئەو پێگە سیاسییەی ئەمڕۆی دەبوو. تاران لە ماوەی چەندین دەیەدا، بە خەرجکردنی سەرچاوەی دارایی زەبەلاح، گواستنەوەی چەکی پێشکەوتوو، مەشقپێکردنی هێزەکانی و پێشکەشکردنی پشتیوانیی هەواڵگری، ئەو گرووپەی وەک یەکێک لە قۆڵە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆی جێگیر کردوە. لەم چوارچێوەیەدا حیزبوڵڵا نەک ئەکتەرێکی سەربەخۆی لوبنانی نیە، بەڵکوو بازنەیەکە لە تۆڕێکی هێزی بەوەکالەتی نێودەوڵەتی، کە ئەرکی سەرەکیی، فراوانکردنی کاریگەریی کۆماری ئیسلامی و پاراستنی هێڵی کاریگەرییە لە هاوکێشە ناوچەییەکاندا. ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، لەسەر بنەمای ناسەقامگیرکردنی سیستماتیکی دەوڵەتە نەتەوەییەکان دامەزراوە. لە عێراق و سوریاوە تا یەمەن و لوبنان، نەخشێکی هاوشێوە دووپاتە بووەتەوە: لاوازکردنی سپای فەرمی، هاوتەریبکردنی پێکهاتە ئەمنییەکان و جێگۆڕکێی ئەوان لەگەڵ ئەو هێزانەی کە نەک دڵسۆزییان بۆ نەتەوەکان، بەڵکوو بۆ ناوەندی ئایدیۆلۆژیی دەسەڵات لە تارانە.

حیزبوڵڵای لوبنان کۆنترین و ڕێکخراوترین نموونەی ئەم ستراتیژییەیە؛ ستراتیژییەک کە گەلی لوبنان تێچووی مرۆیی، ئابووری و سیاسیی بۆ بژاردوە. پێداگریی سەرکردەکانی حیزبوڵڵا لەسەر پاراستن و ڕادەستنەکردنی چەکەکانیان، تەنانەت بە تێچووی گۆشەگیریی تەواوەتیی لوبنان، نیشانی دەدات کە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵاتەکە، لە پێشەنگی بڕیاردانی ئەو گرووپەدا نین. ئەمڕۆ بە ئابوورییەکی داڕماو، سیستەمی بانکیی لێکترازاو و کۆمەڵگەیەکی بێزار لە قەیرانەکان، لوبنان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە هەیە. بەڵام بەردەوامیی بوونی هێزی بەوەکالەت، لوبنان لە لێواری ململانێی ناوچەییدا دەهێڵێتەوە و هەر ئاسۆیەکی وەبەرهێنان، یارمەتیی نێودەوڵەتی و ئاوەدانکردنەوەش ناڕوون دەکات. لەم جۆرە هەلومەرجەدا، هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی لوبنان بۆ پشتیوانیکردن لە چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان، نیشانەیەکی گرنگە لە هۆشیاریی پەرەسەندوو لەبارەی مەترسییەکانی دۆخی ئێستایە. پەسەندکردنی هێڵکارییە گشتییەکانی پلانی داماڵینی چەک لەلایەن حکوومەتی لوبنانەوە، هەرچەندە ڕووبەڕووی ئاستەنگی جیددی بووەتەوە، بەڵام نوێنەرایەتیی هەوڵێک دەکات بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و کۆتاییهێنان بە پێگەی دووانەیی «دەوڵەت-پارادەوڵەت». هەروەها ئەم هەوڵانە لەگەڵ خواستی زۆرینەی کۆمەڵگەی لوبناندا هاوتایە، کۆمەڵگەیەک کە بەڕاستی تێدەگات کە ئاسایشی بەردەوام، بەتەنیا لەژێر سایەی سپای نیشتمانی و دامەزراوە بەرپرسیار و وڵامدەرەکاندا مومکینە. ئیدیعای ئامادەییی حیزبوڵڵا بۆ "هاوکاریی بەرگری" لەگەڵ سپای لوبناندا، ئەویش لە کاتێکدا هەر میکانیزمێکی پابەندکەری یاسایی ڕەتدەکاتەوە، نەک نیشانەی نەرمینواندن، بەڵکوو زیاتر تاکتیکێکە بۆ پاراستنی دۆخی ئێستای. ئەزموونی ئەو وڵاتانەی لە هەلومەرجی هاوشێوەدا ئاڵاون، دەریخستووە کە پێکەوەبوونی چەکی دەوڵەت و بەوەکالەت، نەک هەر لەبار نیە بۆ ئاسایش، بەڵکوو زەمینەیە بۆ ململانێ نێوخۆییەکان و داڕمانی وردەوردەی دامودەزگاکانی حوکمڕانیشە. ڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم هاوکێشەیەدا، یەکلاکەرەوە و وێرانکەرە.

تاران لەبری ئەوەی وەبەرهێنان لە گەشەپێدان و خۆشگوزەرانیی گەلەکەی و ناوچەکەدا بکات، بەشێکی گەورەی لە سەرچاوە دارایی، سەربازی و مرۆییەکانی، لە ڕێگەی هێزی بەوەکالەت لە ئاژاوەدا خەرج کردوە. حیزبوڵڵای لوبنان لەگەڵ دیکە گرووپە وابەستەکاندا، ئامرازێک بووە بۆ پێشخستنی ئەم سیاسەتە؛ سیاسەتێک کە بۆ زیادبوونی گرژیی تایفی، ناسەقامگیریی درێژخایەن و دواکەوتوویی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هۆکار و ڕێگەخۆشکەر بووە. لەبەرچی چەکداماڵینی حیزبوڵڵا، بۆ ئێمەی کورد جێگای سەرنج و گرنگییە؟ بۆ ئێمەی کورد، پرسی حیزبوڵڵای لوبنان تەنیا ناکۆکییەکی سیاسیی وڵاتێکی دیکە نیە. حیزبوڵڵا بەشێکە لە هەمان میکانیزمی سیاسەتی بەوەکالەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە دەیان ساڵە دژی بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی کورد بەکار هێنراوە. هەمان ئەو لۆژیکەی کە ئەمڕۆ لوبنانی بە بارمتە گرتووە، پێشتر لە دژی سەرکردە سیاسییەکان و چالاکانی کورد، لەنێوخۆ و دەرەوەی ئێران بەکار هێنراوە: لۆژیکی لەناوبردنی فیزیکیی نەیاران لە ڕێگەی تیرۆری دەوڵەتی و بەوەکالەتەوە.

 مێژووی هاوچەرخی کورد بە ڕوونی نیشان دەدات، کە کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنی نەیارەکانی، هەرگیز پابەند نەبووە بە سنوورە جوگرافییەکانییەوە. لە دەیەی یەکەمی دوای دامەزراندنی ئەم ڕێژیمەوە، سەرکردە و کادرە سیاسییەکانی کورد، لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئەورووپیدا بوونەتە ئامانجی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییە ڕێکخراوەکان؛ ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە نەک سەربەخۆ و خۆڕسک، بەڵکوو بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی بەرزترین ئاستەکانی دەسەڵات لە تاراندا داڕێژراون و جێبەجێ کراون. لەو چوارچێوەیەشدا تۆڕ و هێزەکانی گرێدراو بە کۆماری ئیسلامی، لەوانەش حیزبوڵڵا لە لوبنان، ڕۆڵی سەرەکیی جێبەجێکاری ئەم سیاسەتەیان بینیوە. میکۆنووس: پەیوەندیی مێژووی تیرۆر و خوێنی حیزبوڵڵا و چارەنووسی کورد تیرۆر و کۆمەڵکوژیی ڕێستۆرانتی میکۆنووس لە بەرلین لە ساڵی ١٩٩٢دا، یەکتربڕینێکی ڕوونی سیاسەتی بەوەکالەتی کۆماری ئیسلامییە دژ بە مێژووی خەباتی کورد. لە تاوانی میکۆنۆسدا، شەهید دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ هاوکارەکانی، لە دڵی ئەورووپادا تیرۆر کران. دادگای ئەڵمانیا لە حوکمێکی مێژوویی و بێ وێنەدا، ئەو تیرۆرەی بە کردەوەیەکی دەوڵەتی ناساند، کە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئەنجام درابوو. ئەو حوکمە دەریخست کە سیاسەتی تیرۆر، بەشێکی دانەبڕاو لە ستراتیژیی کۆماری ئیسلامییە، کە هێزگەلی بەوەکالەت و هاوتەریب لەگەڵ تاران، لە جێبەجێکردنیدا ڕۆڵی سەرەکییان هەیە.

بۆ ئێمەی کورد، میکۆنووس تەنیا دۆسیەیەکی یاسایی، یان ڕووداوێکی مێژوویی نیە؛ هێمای ئەو واقیعە تاڵەیە کە هەمان ئەو سیاسەتەی کە ئەمڕۆ ڕێگری لە چەکداماڵینی حیزبوڵڵا دەکات، دوێنێ بە فیشەک وڵامی هەر دیالۆگێکی سیاسی و چارەسەری دێموکراتیکی پرسی کوردی دایەوە. چەکێک کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت و یاسا شەرعییەت دەدۆزێتەوە، بە بەردەوامیش یەکەمین قوربانییەکانی، هێزە دێموکراتیکەکان و نەتەوە بێدەوڵەتەکان دەبن. لەو ڕووەوە، داوای داماڵینی چەک لە حیزبوڵڵای لوبنان، بۆ ئێمەی کورد بەتەنیا پشتیوانییەک نیە بۆ سەروەریی لوبنان، بەڵکوو هاوکات لە بەرانبەر لۆژیکی چەک، تیرۆر و سیاسەتی بەوەکالەت، بەرگرییەکی بەبنەمایە لە لۆژیکی دەوڵەت، یاسا و سیاسەتی مەدەنی. چارەنووسی حیزبوڵڵا تاقیکردنەوەیەکە زۆر واوەتر و لە سەرووی چوارچێوەی سنووری لوبنانەوە؛ تاقیکردنەوەیەک کە ئەنجامەکانی، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر داهاتووی خەباتی دێموکراتیکی نەتەوەی کورد و دیکە نەتەوە ستەملێکراوەکانی ناوچەکە دەبێت.

 لە کۆتاییدا ئەوەی ئەمڕۆ لوبنان لەگەڵی ڕووبەڕوویە، بەسادەیی و بەتەنیا قەیرانی چەکداماڵینی گرووپێکی چەکدار نیە، بەڵکوو هێمای دیاری شکستی مۆدێلی “سیاسەتی بەوەکالەت”ی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدایە. لایەنێک کە چەکی خۆی لە سەرووی ئیرادەی نەتەوە و حکوومەتی لوبنان دەبینێت، بەکردەوە ئەو وڵاتەی بە بارمتە گرتووە و پەلکێشی هێڵی پێشەوەی پڕۆژەیەکی کردوە، کە هیچ پەیوەندییەکی لەتەک بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی لوبناندا نیە. چەکداماڵینی حیزبوڵڵای لوبنان داواکارییەکی سەپێنراو لە دەرەوەڕا نیە، بەڵکوو پێویستییەکی نەتەوەیی و مێژووییە بۆ ڕزگارکردنی لوبنان و لە هەمان کاتدا وانەیەکی یەکلاکەرەوەیە بۆ هەموو ناوچەکەش. لوبنان ناتوانێت لە یەک کاتدا هەم دەوڵەت و هەم مەیدانی شەڕی بەوەکالەت بێت. تا چەکی بەوەکالەت شەرعییەتی هەبێت، نە لوبنان سەقامگیری دەبینێت و نە نەتەوەکانی وەک کورد لە بازنەی سڕینەوە، تیرۆر و چەوساندنەوە ڕزگاریان دەبێت.