کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یادی شەهیدانی سوورخەڵاتی یەڵدای خوێناویدا

19:14 - 30 سەرماوەز 2725

برایم چووکەڵی

 

هەرچەندە هەموومان دەزانین لە فەرهەنگ و کولتووری گەلانی ناوچەکەدا، شەوی یەڵدا وەک درێژترین شەوی ساڵ، خاوەنی تایبەتمەندی و واتای خۆیەتی؛ بە جۆرێک کە وەک شەوی شادی، خۆشی و شەوی دڵداران و ئاشقان باس دەکرێت. بەڵام ئەم شەوە بۆ ئێمەی کورد و بەتایبەت تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات، هەڵگری واتایەکی بەرزتر و پڕنێوەڕۆکترە؛ چونکە ڕێک لە شەوێکی وادا، کەسایەتییەک هاتە دنیاوە کە بۆ ئێمە بوو بە ڕێبەر، ڕێنوێن و ڕێپیشاندەری خەباتێکی ڕەوا و مرۆیی. بەڵێ، ٩٥ ساڵ لەمەوبەر و لە شەوی یەڵدای ساڵی ١٣٠٩ی هەتاویدا، ڕێبەری گەورە و مەزنمان شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملووی بلیمەت و بەتوانا لەدایک بووە. هەر بۆیە ئەمشەو بۆ ئێمەی کورد و ڕێبوارانی ڕێبازی شەهید د. قاسملوو، شەوێکی تایبەت و پڕمانایە.

شەوی یەڵدا کە بۆ ئێمە سیمبولی خۆشی و شادی بوو، ئێستا نۆ ساڵە واتایەکی دیکەشی پەیدا کردووە؛ ئەویش یادکردنەوەی پۆلێک لە هاوڕێ شەهیدەکانمانە کە ڕێک نۆ ساڵ بەر لە ئێستا و لە شەوی یەڵدای ١٣٩٥ی هەتاویدا، لە ئاکامی کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کە کۆماری ئیسلامی نەخشە و پیلانەکەی داڕشتبوو، تێکەڵ بە کاروانی نەمران و شەهیدان بوون.

لە کاتێکدا کە ڕێبوارانی ڕێبازی ڕێبەری شەهید د. قاسملوو لە دوایین شەوی پاییز و درێژترین شەوی ساڵدا، یادی لەدایکبوونی ئەو ڕێبەرە نەمرەیان دەکردەوە، دەستی ڕەشی تیرۆر، کۆمەڵێک هاوڕێی بەئەمەکی لێ ئەستاندین کە بریتی بوون لە شەهیدان: عەلی قۆیتاسی، وەهاب میرخزری، ئەرسەلان عەباس‌نیا، سالار باقری و ناسر کەریمی. هەرچەندە هەر لەو کاتەدا حیزبی دێموکرات بەڕاشکاوی ڕایگەیاند کە شک و گومانی نییە دەستی کۆماری ئیسلامی لەپشتی ئەو کردەوە تیرۆریستییە هەیە و ئەو ڕێژیمە بکەر و ئەنجامدەری سەرەکیی ئەو تاوانە دزێوەیە.

ئەگەر ئاوڕێکی کورت لە کارنامەی ڕەشی کۆماری ئیسلامی بدەینەوە، بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە کۆڵەکە و بناغەی ئەو ڕێژیمە لەسەر تیرۆریزم دامەزراوە؛ چونکە دەسەڵاتدارانی تاران لە تیرۆریزم وەک ئامرازێک بۆ بردنەپێشی سیاسەتەکانی خۆیان کەڵک وەردەگرن. هەر لە دووەم ساڵی دامەزرانی ڕێژیمەوە، یەکەم کردەوەی تیرۆریستییان دەرحەق بە گەلی کورد و حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد ئەنجام دا و شەهید "سەرگورد عەباسی"یان تیرۆر کرد.

پاشان ڕوخساری ئەو ڕێژیمە لە بازنەیەکی گەورەتردا خۆی دەرخست. سیاسەتە دژەگەلییەکانی دەسەڵاتدارانی تازەبەدەسەڵاتگەیشتوو لە هەمبەر گەلانی دیکەی ئێران وەک کورد، تورک، عەرەب و بەلووچ، بابەتێک نین کە لە کەس شاراوە بن. ئێران لەو نەتەوانە پێکهاتووە کە دەیان ساڵە لەژێر دەستی حکوومەتە زۆردارەکاندا ستەم و چەوسانەوەیان چێشتووە و بەدرێژایی مێژوو لە مافە ڕەواکانیان بێبەش کراون. بەتایبەتی لە ماوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، ئەو زوڵمە چوارچێوەیەکی زۆر سامناکتر و بەربڵاوتری بە خۆیەوە بینیوە؛ چونکە سیاسەتی "هەناردەکردنی شۆڕش" لە ڕێگەی تیرۆریزمی دەوڵەتییەوە دەستی پێ کرد. تەنانەت دوای مردنی خومەینیش کە وایان نیشان دەدا گوایە دەست لەو کردەوە قێزەونانە هەڵدەگرن، زۆر زوو پووچیی ئەو بانگەشەیە دەرکەوت؛ هەر یەکەم هەنگاویان ڕێک لە چلەی "ئیرتیحال" (مردن)ـی بەناو "ئیمامی موستەزعەفان"دا بوو، کە ڕێبەری گەورەی نەتەوەی کورد، شەهید د. قاسملوو و هاوڕێیانیان لەکاتی دانیشتن لەسەر مێزی وتووێژ بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی کورد تیرۆر کرد؛ تیرۆرێک کە بە پیلانێک لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئێران داڕژرابوو.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەمێژ بوو تیرۆری کردبووە بەشێک لە سیاسەتی فەرمیی خۆی و بێ ئەوەی بچووکترین بایەخ بۆ کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان دابنێت، ئەو کردەوانەی بەردەوام دووپات دەکردەوە؛ بە جۆرێک کە جێ‌پێی تیرۆریستان لە کۆنسوڵخانەکانی ڕێژیمدا ئاشکرا بوو و لە وڵاتانی جۆراوجۆردا لەقاو درا.

تیرۆری د. قاسملوو تەنیا هەنگاوی ڕێژیم نەبوو، بەڵکوو بە دەیان ڕێبەر و کەسایەتیی سیاسی لە دەرەوەی وڵات بە شێوەی ناجوامێرانە لەلایەن دەزگای ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە تیرۆر کران. هەر لەو پێوەندییەدا و لە دەیەی ٩٠ی زایینیدا، بە کەڵک وەرگرتن لە هەلومەرجی باشووری کوردستان، بە سەدان کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە شارە جۆراوجۆرەکانی باشوور تیرۆر کرد.

کردەوەی خوێناویی شەوی یەڵداش هەر لە درێژەی ئەو زنجیرە تاوانانەی دەسەڵاتدارانی تاراندا بوو کە لە ماوەی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئاخوندیدا دژی حیزبی دێموکرات و دژبەرانی ئەنجامی داوە. ئەگەرچی دەزگا سیخوڕییەکانی ئێران زۆر زوو هەوڵیان دا دەستی چەوری خۆیان بە سەری خەڵکی دیکەدا بسڕنەوە و وایان نیشان دا کە ئەو کردەوە ناجوامێرانەیە کاری لایەنی دیکەیە و چەندین سیناریۆی درۆ و چەواشەکارییان ڕیز کرد تا گومان و تۆمەتەکە لە خۆیان دوور بکەنەوە؛ بەڵام بێ‌گومان کۆماری ئیسلامی باش دەزانێت کە لە یەکەم ساتەکانی ئەو کردەوە بێ‌شەرمانەیەدا، خەڵكی کوردستان و حیزبی دێموکرات پەنجەی تاوانیان بۆ ئەو ڕێژیمە درێژ کرد، چونکە بەدرێژایی تەمەنی ئەو ڕێژیمە، بۆ ساتێکیش چاویان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران غافڵ نەکردووە. بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەش دەتوانین بڵێین؛ حوزووری کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، نیشانەی ئەوە بووە کە ئەم حیزبە خەباتی خۆی دژی ئەو ڕێژیمە درێژە پێ داوە. هەر لەو پێوەندییەدا هەڕەشەکانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە لە پشت کردەوەکەی شەوی یەڵداوە بوون.

ماوەتەوە بڵێین، هەق وایە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش بە سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی لە باشووری کوردستان بگرن و نەهێڵن جارێکی دیکە وەک دەیەی ٩٠ی سەدەی ڕابردوو، لە خاکی پیرۆزی کوردستان تەراتێن بکەن. بۆیە پێویستە هەم حکوومەتی هەرێم و هەم خەڵکی باشووری کوردستان هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەیان هەبێت و ڕێگە نەدەن جارێکی دیکە ئەم بەشە لە کوردستان ببێتە مەیدانی ڕمبازێن و ڕەشەکوژیی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕێگری لە هەموو ئاژاوەگێڕییەکانی ئەو ڕێژیمە بکەن.

لە یادی شەهیدبوونی شەهیدان: عەلی قۆیتاسی، وەهاب میرخزری، ئەرسەلان عەباس‌نیا، سالار باقری و ناسر کەریمی (پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران) و دوو کارمەندی شەهیدی ئاسایش بە ناوەکانی عەدنان عەبدوڵڵا و سەنگەر ستار، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی شەوی یەڵدا دادەنوێنین و پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تا گەیشتن بە ئامانجی بەرزی شەهیدان، درێژەدەری ڕێگەیان بین.