کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیزاو قوربانییەکی دیکەی گرت

15:13 - 22 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: ژنێکی کوردی خەڵکی بانە بە هۆی پژاندنی تیزاب بە توندی بریندار بوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی، ژنێکی کوردی خەڵکی بانە لەلایەن ٤ کەسەوە لە شەقامی کەمەربەندی هێرشی کراوەتە سەری و تیزابیان پێدا پژاندووە و بەشێکی زۆر لە دەم‌وچاو و جەستەی بریندار بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادارشووناسی ئەم هاووڵاتییە کوردەی ئەفسانە قادری تەمەن ٣٧ ساڵ راگەیاندراوە.

هەروەها ئەمەشی خستووەتە روو کە هەنووکە ئەم هاووڵاتییە کوردە لە نەخۆشخانەیەکی سنە لە ژێر چاوەدێری دایە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە رێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕیش لەشاری بۆکان ٧ کچ و ژنی کورد لە سێ رێیانی سەنگینی بۆکان تێزابیان پێدا کرا.

یەکێک لەو کچانە خوشکی چالاکێکی سیاسی کورد بوو کە ئێستا لە دەرەوەی ئێران نیشتەجێیە.

هەر ئەوکات عەلی ئیسماعیل‌نژاد و چەند چالاکێکی سیاسی دیکەی کورد ئەو کارەیان بە ئەمنییەتی و چاوترسێن کردنی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی لەقەڵەم دابوو.

پاش ئەو رووداوە خۆپیشاندانێکی هێمنانە لەشاری بۆکان وەرێ خرا کە خۆپیشاندانەکە لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە بەرەو گرژی و ئاڵۆزی کێشرا و ٧ کەس کە یەک لەوان مامۆستای زانکۆ بوو دەستبەسەر کران.