کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی کۆڵبەرێکی کورد پاش ٣ رۆژ لە نوقم بوونی لە ناو ئاوی چۆمی چۆمان هێشتا نەدۆزراوەتەوە

20:12 - 2 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی سەردەشت کە لە ناوچەی سنووری بۆ بژیوی ژیانی بنەماڵەکەی سەرقاڵ بە کۆڵبەری بووە، لە ئاوی چۆمانی بانەدا نوقم بووە و هێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند رۆژ پێش، ئەحمەد (رەحیم) رەسوڵ‌نژاد خەڵکی شاری رەبەتی سەربە ناوچەی سەردەشت کە سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، لە کاتی پەڕینەوە لە رووباری چۆمانی نێوان بانە و سەردەشت، خنکاوە.

تەرمی ئم هاووڵاتییە کوردە، کە خێزاندار و باوکی سێ مندالیش بووە، پاش تێپەڕ بوونی ٣ رۆژ لە نوقم بوونی، نەدۆزراوەتەوە.

لەم پەیوەندییەدا، لە کۆتایی مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی گوندی لالانی ئیمامیسەربە ناوچەی باینگان بە ناوی یاسر میرانی کە لە ناوچەی سنووری سەرقاڵی کۆڵبەری بوو؛ بە هۆی کەوتنە نێو ئاوی زەمکان گیانی لە دەست دا.

کۆڵبەران لە بەرانبەری کاری پرۆکێنەر، حەقدەستێکی زۆر کەم وەردەگرن و زۆرجاریش ئەو سەرچاوەی ژیانە بە نرخی لە دەست دانی گیانیان تەواو دەبێت.

بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ٩ مانگی سەرتای ئەمساڵدا، ٥٦ کۆڵبەر بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئێران لە سنوورەکانی کوردستان کوژراو و بریندار بوون کە لەم رێژەیە ٢٠ کەس کوژراو و ٣٦ کەس بریندار بوون.

کۆڵبەرانی لە سنوورەکان، لە کاتی کۆڵبەریدا و بەهۆی ترس لە تەقەی هێزە چەکدارەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە شوێنە ئەستەم و مەترسیدارەکانی وەکو کێڵگەی مینەکاندا تێپەڕ دەبن، کە بەو هۆیەوە ساڵانە دەیان کۆڵبەر دەبنە قوربانی.
ئاویەر.ت