کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوەی مین لەسەقز بریندارێکی لێکەوتەوە

16:38 - 25 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: ژنێکی هاووڵاتییەکی کورد لەئاوایی جەعفەرخانی سەر بە سەقز بە هۆی تەقینەوەی مینە چێنراوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێڕاق بریندار بوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵە بە ناوی حەیات رەشیدیان دانیشتووی گوندی جەعفەر خانی سەر بە بەخشی زیویەی شاری سەقز، بە هۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

ناوبراو پاش تەقینەوەی مینەکە بە توندی بریندار بووە و هەنووکە لە نەخۆشخانەی ئیمام لە شاری سەقز لە ژێر چاوەدێری پزشکی دایە و بارودۆخی جەستەیی نالەبار راگەیەندراوە و باس لەوەش کراوە کە ژنە لاقێکی بڕدراوەتەوە.

ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران هەتا ئێستا بەشێوەی پێویست لەمینی چێنراوی سەردەمی شەڕی رێژیمی ئێران و عێراق خاوێن نەکراوەتەوە و بە وتەی بەرپرسانی رێژیم خاوێن کردنەوەی ئەو ناوچانە پێویستی بە ١٠ میلیارد تمەن پارە هەیە.

بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەر دەستدایە، ٦ میلیۆن هێکتار لە خاکی ئێران، ٢٠ میلیۆن مینی چێندراوی لێ ماوەتەوە و بە هۆی روانگەی ئەمنییەتی و سنووری، زیاترین مینە چێندراوەکان لە ئێران لە پێنج پارێزگای سنووری خوزستان، ئیلام، کرماشان، سـنە و ئورمیە دایە و لە ئەگەری خاوێنکردنەوەشدا ناوەندە دەوڵەتییەكان تەنیا هەتا قووڵایی ٣٠ سانتیمتری مینە چێندراوەکان خاوێن دەکاتەوە.

ئامارەکان باس لەوە دەکەن لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٤ هاووڵاتیی کورد لەپارێزگا کوردنشینەکان بوونەتە قوربانی مینە چێنراوەکان.

لە کۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٥ هاووڵاتیی کورد گیانیان لەدەست داوە و ٩ کەسی دیکەش بریندار بوون.

 لەناوچوونی مەڕ و ماڵات و کوژران و برینداربوونی وەرزێڕان و کاسبکارانی کورد بە یەکێکی دیکە لە ئاسەوارەکانی مینی چێندراو لە کوردستان دێتە ئەژمار.

ماوەیەک لەمەوبەر کانوونی بەشداریی لەخاوێن کردنەوەی مین رایگەیاندبوو،  نزیک بە ١٣ ملیۆن لە جۆرەکانی مین و ماددەی تەقەمەنی لەخاکی پێنج پارێزگای ئورومیە، سنە ، ئیلام، کرماشان و خوزستان بوونی هەیە.