کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جان مە‌کێن رێژیمی ئێرانی وەک چالشێکی ژئوپۆلیتیک وەسف کرد

15:41 - 20 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: بەرپرسی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی ئامریکا، جگە لە رەخنەی توند لە رێژیمی ئێران، رێژیمی ئێرانی پێکوڵێکی ژئوپۆلیتیک (چالش ژئوپولیتیک) وەسف کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٩ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، سێناتۆر جان مەکێن، بەرپرسی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی ئامریکا، لە قسەکانیدا رەخنەی توندی لە رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی گرت.

جان مەکێن لە قسەکانیدا، هاوکاریی رێژیمی ئێرانی لەگەڵ رێژیمی بەشار ئەسەد بۆ سەرکوتی خەڵک و پشتیوانی گشت لایەنەی لە بەشار ئەسەد مەحکووم کرد.

بەرپرسی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی ئامریکا لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە کە رێژیمی ئێران لە میلیشیاکانی یەمەن و عێراق پشتیوانی کردووە و بەم شێوەیە لە کارو باری نێوخۆیی ئەم وڵاتانە دەستێوەردانی کردووە.

مەکێن لە قسەکانیدا جەختی لە سەر بارهێنان و پەروەردە کردنی میلیشیاکانی باکووری ئافریقا لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە کردووە.

مەکێن لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند: رێژیمی ئێران پێکوڵێکی ژئوپۆلیتیک و کێشەیەکی چەکدارییە.

ئاویەر.ت