کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جان کێری: هەرشێوازێک لە درێژکرانەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران دوای کاتی دیاریکراو رەت دەکرێتەوە

15:05 - 20 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا رایگەیاند کە هەرجۆرە درێژکردنەوەی دانوستانەکان دوای مانگی مارس (سەرەتای مانگی خاکەلێوە) بێ بە ئاکام گەیشتنی رێکەوتنی گشتی لەگەڵ رێژیمی ئیسلامی، رەت دەکرێتەوە مەگەر لە چوارچێوە و گەڵاڵەی گشتی رێکەوتننامەیەکی دیاریکراو بکرێت.
بەپێی راپۆرتی کاناڵی ئێن.سی.سی کە رۆژی یەکشەممە بڵاو کرایەوە جان کێری وتوویەتی: تەنیا شانسێک کە بۆ درێژکردنەوەی دانوستانەکان لە دۆخی ئێستادا دەیبینم ئەوەیە کە گەڵاڵەیەکی راستەقینەمان بۆ رێکەوتن هەبێت.

دانوستانەکانی رێژیمی ئێران و گرووپی ١+٥ لە نوامبری ٢٠١٣ی زایینیدا لە ژنێڤ هەتا ٢٤ی مارس درێژ کرایەوە و دەبێت هەتا ئەو کاتە هەر دوو لایەن بە رێکەوتنێکی سیاسی بگەن.

محەممەد جەوادزەریف وتوویەتی کە درێژکردنەوەی دانوستانەکان ئاکامێکی نییە و هەروەها رایگەیاندووە: وا بیر ناکەمەوە کە درێژکردنەوەی دانوستانەکان بە قازانجی کەسێک بێت و باوەڕیشم بەوە نییە کە درێژکردنەوەی دانوستانەکان کارێکی پێویست یا بەقازانج بێت.

خامنەیی رێبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە لێدوانی خۆیدا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند: رێکەوتن لەسەر گشتایەتی و وردەکارییەکان دەبێت لە تاقە قۆناغێکدا و لەگەڵ ناوەرۆکی روون بێت و جێگای مشت ومڕی تێدا نەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی: یا بڕیار دەدەن و دەیسەلمێنن کە بەرنامەی ناوکی ئێوە ئاشتیخوازانەیە، یا توانای ئەم جۆرە کارەتان نییە کە ئەوەش ئەگەری ئەوەی هەیە کە چیرۆکێکی دیکە روو بدات کە هیچ لایەنێک لە ئێمە خوازیاری بیستنی نییە.

زەرنه. ک