کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جان کێری: پشتیوانیی رێژیمی ئێران لە شیعە حوسییەکانی بوو بەهۆی رووخانی دەوڵەتی یەمەن

15:21 - 6 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا رایگەیاند کە پشتیوانیی حووسییەکان و دەستێوەدانەکانی رێژیمی ئێران لە یەمەن بوو بەهۆی رووخانی دەوڵەتی یەمەن.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٥ی رەشەممەی ١٣٩٣ی هەتاوی، جان کێری وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا جەختی کردەوە کە پاڵپشتی و پشتیوانی رێژیمی ئێران لە میلیشا شیعەکانی یەمەن هۆکاری سەرەکی بوو بۆ بەدەسەڵات گەیشتنی شیعەکانی ئەو وڵاتە و هەروەها رایگەیاند کە رێژیمی ئێران لە رووخاندنی دەوڵەتی یەمەن رۆڵی سەرەکیی هەبووە.

ئامریکا و هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی کەنداو رێژیمی ئێران بە پشتیوانیی لە میلیشا حوسییەکان یەمەن تاوانبار دەکەن بەڵام رێژیمی ئێران بەردەوام ئەو ئیدعایەی رەت کردووەتەوە.

وڵاتانی دراوسێی یەمەن، رووخانی دەوڵەتی یەمەن بە سەرکۆماری عەبد رەبە مەنسوورهادی بە هەڵگەرانەوە (کودتا) نازانن؛ بەڵام شورای تەناهی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە میلیشا حوسییەکان کردووە کە هێزەکانی خۆی لە ناوەند و دامەزراوە دەوڵەتییەکان بکشێنێتەوە.

پاش لابردنی عەلی عەبدوڵـڵا ساڵح و بە دەسەڵات گەیشتنی عەبدرەبە مەنسوور هادی، سەرکۆماری نوێی یەمەن، رێژیمی ئێران بە شێوە جۆراوجۆرەکان لە رێگەی گرووپە میلیشیاکان و پشتیوانی لەو گرووپە، لە هەوڵی دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتەدا بووه.
عەبدرەبە مەنسوور هادی سەرکۆماری یەمەن، لەمەڕ دەستێوەردانی رێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی ئەم وڵاتەدا هوشداری بە رێژیمی ئێران داوە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە چوارچێوەی یارمەتی چەک‌وچۆڵ، ئابووری، راهێنانی نیزامی ئەندامانی گرووپە میلیشیاکان و هەروەها زیادکردنی باندە سیخوڕییەکان لە وڵاتانی ناوچەکەدا بەڕوونی دەرکەوتووە.

رێژیمی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، لەلایەن زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەا وەکوو بەحرەین، یەمەن، میسر و... بە دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتانە مەحکووم کراوە.

گادەر. د