کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جان کێری: چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە جێگای نیگەرانییە

23:13 - 19 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا جان کێری، لە وڵاتی بەحرەین باسی لەوە کرد کە چالاکییەکانی ڕیژێمی ئێران لە ناوچەکە جێگای نیگەرانیە و بۆ پێوەندیی گرتن لەگەڵ ئەو ڕێژیمە کێشەکان وەک خۆی ماوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، جان کێری لە سەفەری خۆیدا بۆ بەحرەین ڕایگەیاندووە؛ ڕێژیمی ئێران کێشەی ناوچەکەیە و هەروەها داوای لەو ڕێژیمە کردووە کە بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی سووریە یارمەتی کۆمەڵگای جیهانی بکات.

ناوبراو لە بەشێکی قسەکانیدا هەروەها باسی لەوە کردووە کە بۆ پێوەندی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کێشەکان وەک خۆی ماوەتەوە و ئامانجی باراک ئۆباما لە دیدار لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو لە دانیشتنی کەمپ دەیوید، تاوتوێ‌کردنی چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران دوای ڕێککەوتنی ناوکی و چاوەدێری بە سەر هەڵسوکەوتەکانی تارانی دووپات کردەوە.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا هەروەها گوتی کە هیچ کەس ئیدعا ناکات کە دوای ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، هەموو ئەو کێشانە بە زووترین کات چارەسەر بکرێن.

لەو پێوەندییەدا، وەزیرانی کاروباری دەرەوەی یەکیەتیی عەرەب، لە کۆبوونەوەیەکی نایاسایی‌دا کە بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، لە قاهیرە بەڕێوە چوو، لە بەیانییەیەکدا ڕایانگەیاند کە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی عەرەبی‏دا، هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمنییەت و ئاشتیی وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

لەو بەیانییەدا داوا لە ڕێژیمی ئێران کراوە کە کۆتایی بە هەڵخڕاندنی کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکانی ناوچەکە بێنێت، ئەوەش ناڕەزایەتیی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێرانی لێ‏کەوتەوە.

هەروەها لە چوارەمین کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی عەرەب و ئەمریکای لاتین‏دا، کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، بەڕێوە چوو، داوایان لە ڕێژیمی ئێران کرد کە دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکەدا نەکات.