کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جووڵە لە پارلەمانی بەحرەین بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی عەرەبی لە خووزستاندا

14:45 - 9 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: ٤٠ ئەندامی پارلەمانی بەحرەین واژۆیان لە سەر پڕۆژە یاسای پێشنیاریی ٥ ئەندام پارلەمانتار کردووە کە تێیدا پێشنیاریان کردووە؛ ناوچەی ئەهواز کە جێی نیشتەجێ بوونی عەرەبەکانە لە ئێران، وەکوو دەوڵەتی داگیرکراوی عەرەبی بناسێندرێ.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی شەرقولئەوسەت، ٥ پارلەمانتاری بەحرەینی، پڕۆژە یاسایەکیان پیشنیار کردووە بە پارلەمانی بەحرەین و تا ئێستا ٤٠ کەس پشتیوانییان لەو پڕۆژەیە کردووە کە تێیدا پێشنیاریان کردووە کە ناوچەی نیشتەجێ بوونی عەرەبەکان لە ئێران، کە زۆرتر لە خووزستانن و خۆیان بە ئەحواز ناوی دەبەن، وەکوو دەوڵەتی داگیرکراو بیناسن و دەوڵەتی بەحرەین ئێعترافی پێ بکا.

بەپێی لێدوانی ئەندام پارلەمانێکی بەحرەین، پێشنیاریان کردووە کە ناوچەی ئەحواز (خووزستان) وەکوو یەکێک لە زنجیرە وڵاتانی نیشتمانی عەرەبی و هەروەها گەلی عەرەبی ئەحواز، وەکوو عەرەبی ژێر داگیرکاریی ئێران بناسێندرێن. هەروەها لەو پڕۆژەدا هاتووە کە ستەمکاریی دەوڵت بەنیسبەت عەرەبەکانەوە لە بێئاگایی و دوورەپەرێزیی دەوڵەتە عەرەبیەکاندا بەڕێوە دەچێ.

عەبدوڵڵا بێن حوەیل، سەرۆکی لێژنەی پێوەندییە دەرەکییەکان و بەرگریی نیشتمانی لە پارلەمانی بەحرەین، بە شەرقولئەوسەتی گوتووە کە پڕۆژە بڕیارەکە نیشاندەری ئارمانجەکانی گەلی عەرەبە کە بۆ ماوەی چەندین دەیەیە لە ژێر ستەم و گوشاری ئێراندان. هەروەها دەڵێ کە ئەم پڕۆژە بڕیارە، سەرەتایەک بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی چەوساوەی عەرەب لە ئێراندا بە گوێی هەموو جیهانە.