کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار دان بە جێگیربوونی گەندەڵی لە دەوڵەتدا دەنێت

17:25 - 7 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار باس لە جێگیر بوونی دەیان گەندەڵیی دەوڵەتی دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار لە حەڤدەهەمین گردبوونەوەی نەتەوەیی ناساندنی یەکە پیشەیی و خزمەتگوزارییە سەوزەکان باس لە گەندەڵیی ئابووریی ڕێژیمی ئێران دەکات.

ناوبراو دەڵێت: ئەو بەڕێزانە لە وڵاتی ئێمەدا سەرجەم پارەی نەوتیان برد، مەسرەفیان کرد و قەرزی قەبەیەن نایەوە و دەوڵەتێکی قەرزداریان لە پاش خۆیان بەجێ‏هێشت کە لە هەندێ لە ئامارەکاندا باس لە قەرزی ٣٨٠ هەزار میلیارد تمەنیی دەوڵەت دەکرێت.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم دەڵێت: ئەو کەسانە دەبێ شەرمەزار بن کە ٢٢ میلیارد دۆلار پارەی وڵاتیان بە بیانووی هاوسەنگ کردنی نرخی دراوی دەرەکی لە دۆبەی و ئیستامبۆل بە نرخی نزم بە بیانییەکان فرۆشت.
جەهانگیری گوتیشی: ئەو کەسانە دەبێ شەرمەزار بن کە ١٧ هەزار میلیارد تمەنیان لە مانگێکدا بە بێ وەرگرتنی مۆڵەت، لە بانکی ناوەندی ڕاکێشاوە.

جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە: ئەو کەسانە شەرمەزار بن کە بابەکی زەنجانییان دروست کرد و دەکەڵی نەوتییان بزر کرد.....

وتەکانی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم دەری‏دەخەن کە تا ئێستا لە بواری ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ گەندەڵیی ئابووری لە وڵاتی ئێران، نەک هەر هیچ نەکراوە، بەڵکوو دۆخەکە خراپتریش بووە.

پەروەندەکانی گەندەڵیی ئابووریی و ڕانت خۆری لە ڕێژیمی ئێراندا، هەر کامەیان بە تەنیا خۆی، دەیتوانی ببێتە هۆی داڕمان و هەرەس هێنانی پێکهاتەیەکی حکوومەتی، بەڵام لە کۆماری ئیسلامی‏دا وەکوو هەواڵێکی ئاسایی و ڕۆژانە تێدەپەڕێت.

پەروەندەی دەستبەسەر زەوی و زار گرتنی برایانی لاریجانی، پەروەندەی بابەکی زەنجانی، ساتوسەودا نایاساییەکان لە فوتباڵ‏دا، گەندەڵی لە پیشەی مسی ئێران، گەندەڵی لە ڕێکخراوی میراتی کولتووری، گەندەڵی لە دامەزراوەی شەهید و کاروباری خۆبەخشانی ڕێژیم، پەروەندە عاتڵەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی لووکس لە لایەن دەستوپێوەندییەکانی سپا و... تەنیا بەشێکن لە هەزاران پەروەندەی گەندەڵی کە ڕێژیم لە ساڵی ٩٢دا ناچار بوو دانیان پێدا بنێت.

بەپێی ئامارە جیهانییەکان، ئێران لە باری پێوەرەکانی گەندەڵیی ماڵییەوە، لە ماوەی ئەم ساڵانەی دوایی‏دا، لە بنەوەی هەموو خشتە دیاری‏کراوەکاندا جێی گرتووە.