کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەننەتی: ئایەتوڵڵا قومارباز و مەیخۆرەوە و بەدڕەوشتەكان دەیانهەوێ‌ بێنە مەجلیسی خوبرەگانەوە

15:11 - 15 بەفرانبار 2715

كوردستان میدیا: ئەحمەد جەننەتی ڕایگەیاندووە بەپێی دوایین زانیارییەكانمان، هەندێك كەسی قومارباز و بەدڕەوشت و مەیخۆرەوە، خۆیان بۆ ئەندامەتی خوبرەگان ناونووس كردووە.

ڕۆژنامەی ئارمان لە ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا ئاماژەی بۆ قسەكانی ئەحمەد جەننەتی سەرۆكی شورای نیگەهبان كردووە كە دەڵێ؛‌ پەروەندەی ٦٣ كەسیان بۆ ئێمە ناردووە كە بەتەمان بچنە نێو مەجلیسی خوبرەگانەوە، بەڵام زۆربەیان قومارباز و مەیخۆرەوە و بەدڕەوشتن و كێشەی ئەخلاقییان هەیە.
ناوبراو لە بەشێك لە قسەكانیدا دەڵێ‌: ئەو كەسانە بەتەمان پاش قۆرخ کردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و دواتریش مەجلیسی خوبرەگان، دەوڵەتیش بخەنە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتی خۆیانەوە، هەڵبەت مەجلیسی خوبرەگان زۆر لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی گرینگترە، چوونكە ئەگەر خوبرەگانی ڕێبەری بكەوێتە دەستی كەسانی نەشیاو، بارودۆخی وڵات لێك دەترازێت.

جەننەتی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دان بەوەدا دەنێ‌ كە چەشنێك لە دیكتاتۆرییەتی مەزهەبی بەسەر ئێراندا زاڵە و دەڵێ‌: هەندێك كەس باس لەوە دەكەن كە وەلی فەقیه پێویستە ماوە بە ماوە بگۆڕدرێت، بەڵام خۆیان لەو ڕاستیە گێل دەكەن كە لە چوارچێوەی نیزامی ئیسلامیدا، پێویستە هێز و دەسەڵات تەنیا بۆ یەك كەس بێت، چوونكە ئەگەر وا نەبێـت، كۆماری ئیسلامی دەشێوێ‌.

سەرۆكی شورای نیگەهبان لە كاتێكدا باس لە بوونی بەربژێری مەیخۆرەوە و قومارباز دەكات كە بەپێی یاساكانی ڕێژیمی زاڵ بەسەر ئێراندا، تەنیا كەسانێك دەتوانن خۆیان بۆ ئەندامەتیی شورای نیگابان كاندید بكەن كە خاوەنی پلەی ئایینیی ئایەتوڵڵا بن.