کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەیشولعەدڵ، کوژرانی زیاتر لە ١٠ کەس لە هیزەکانی ڕێژیمی بەئەستۆ گرت

21:51 - 19 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی جەیشولعەدڵ بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، کوژرانی زیاتر لە ١٠ کەس لە هێزەکانی ڕێژیمی لە شاری نیکشەهری سیستان و بەلووچێستان بەئەستۆ گرت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ڕێکخراوی جەیشولعەدڵ زیاتر لە ١٠ کەس لە هێزەکانی ڕێژیمی لە دوو بۆسەی جیادا، لە سەر ڕێگای گوندی کەهیر ی بەخشی چانفی نیکشەهر لە پارێزگای سیستان و بەلووچێستان کوشتووە.

ڕاگەیاندنەکانی سەر بە ڕێژیم، ڕێژەی کوژراوەکانیان بە ٣ کەس ڕاگەیاندووە، بەڵام ڕێکخراوی جەیشولعەدڵ ئەو هەواڵەی بەدرۆ خستووەتەوە.

ڕێکخراوی جەیشولعەدڵ لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا کە لە وێبلاگی فەرمیی خۆیاندا بڵاویان کردووەتەوە، بەرپرسایەتی ئەو هێرشەی بەئەستۆ گرتووە و ڕایگەیاندووە کە ڕێکخراوی جەیشولعەدڵ جارێکی دیکە هۆشدار دەدات کە هێرشەکان هەتا بە ئاکام گەیشتنی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی بەلووچێستان درێژەی دەبێ و هێزە تاوانبارەکان بزانن کە ئەگەر ناوچەکە بەجێ نەهێڵن و سیستمی ئیداریی و نیزامیی بەلووچێستان نەگەڕێننەوە بۆ خەڵکی بەلووچ، لە هیچ شوێنێکی بەلووچێستان پارێزراو نابن و بەلووچێستان دەبێتە زەلکاوی هێزەکانی ڕێژیم.

لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە؛ دژکردەوەی ئێمە بە نیسبەت کوشتنی بێ‏سەروبەرە و سەرەڕۆیانە و هەروەها دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتیانی بێ‏تاوانی بەلووچ توند دەبێت و ڕادەگەیەنین کە دەستبەسەر و کوشتنی سەرەڕۆیانەی لاوانی بەلووچ و سوننە مەزهەب هیچکات کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕەهەندە نیزامیی و ڕێکخراوەییەکانی ئێمە دانانێت، کەوابوو ڕێژیم بە دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و کوشتنی لاوان و کەسانی ئایینی بەلووچ، دەبێ چاوەڕوانی دژکردەوەی توندتر بێت.

ڕێژیمی بەناو ئیسلامیی ئێران، بەردەوام ئەو گرووپانەی کە خۆیان بە داکۆکیکاری مافەکانی خەڵکی سیستان و بەلووچێستان دەناسێنن و بۆ وەدیهێنانی ئەو مافانە چالاکی دەکەن، بە تیرۆریست ناو دەبات.