کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی شیوعی: لەسێدارەدانی پێشەوا نەیتوانی دەنگی ئازادیخوازی كپ بكات

16:24 - 11 خاکەلێوه 2715

كوردستان میدیا: حیزبی شیوعی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا وێڕای رێزگرتن لەرۆژی 10‌ی خاكەلێوە و دەربڕینی سۆز و وەفایان بۆ خەباتی پێشەوا قازی محەممەد، لەسێدارەدانی پێشەوایان بە رۆژێكی كارەساتبار لەلاپەڕەكانی مێژووی كوردایەتیدا وەسف كردووە.

دەقی بەیاننامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی شیوعی كوردستان بەم چەشنەیە:

پێشەوا قازی محەممەد نامرێت
لەرۆژێكی وەكوو ئەمڕۆدا 30‌ی مارس(10‌ی خاكەلێوە) كە رۆژێكی خەمناك و پڕ لەناسۆڕییە، شەست و هەشتەمین ساڵیادی پێشەوا قازی محەممەد سەرۆك كۆماری كوردستانە، ئەو سەركردەیەی رێژیمی پاشەیەتی گۆڕ بەگۆڕی ئێران لەشاری مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان لەسێدارەی دا، مەبەستی ئەو رژێمە لەسێدارەدانی پێشەوا ئەوە بوو كەدەنگی ئازادیخوازانە و مەشخەڵی شۆڕشی كورد بۆ هەتاهەتایە دابمركێنێتەوە.

رێژیم پێی‌وابوو بەو تاوانە خەون و ئامانجی گەلی كورد بۆ ئازادی و سەربەخۆیی لەگۆڕ دەنێت، بەڵام ئەوەتا ئەمڕۆ نەوەكان و هەڵگرانی بیری ئازادی كورد بەردەوامن لەخەبات و تێكۆشان و قوربانیدان و شەهیدبوونی پێشەوای خۆیان كردۆتە توێشووی بەردەوامیەتی كاروانی خەبات.
سەربەرزی بۆ قازی محەممەدی پێشەوا

مەكتەبی سیاسی حیزبی شیوعی كوردستان
٣٠ی مارسی ٢٠١٥