کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خاش/ هاووڵاتییەک بە تەقەی چەند چەکدارێکی نەناسراو دەکوژرێت

17:11 - 15 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: لە دوای نوێژی هەینی لە بەرامبەر مزگەوتی قۆبای شاری خاش، چەند کەسێکی نەناسراو، تەقە لە هاووڵاتییان دەکەن و لە ئاکام دا هاووڵاتییەکی سوننی مەزهەب گیان لە دەست دەدات.

بەپێی ڕاپۆڕتی کەمپەینی چالاکانی بەلوچ، ئەو ڕووداوە، ڕۆژی هەینی ١٣ی خاکەلێوە، لە کاتی تەواو بوونی نوێژی هەینی ڕووی داوە کە تێدا چوار کەسی چەکدار کە سواری دوو ماتۆڕ سیکلێت بوون، هاووڵاتییانی شاری خاش دەدەنە بەر دەستڕێژی گوللە کە بەهۆیەوە کەسێک بە ناوی حاجی عەزیز کوردی کوڕی یەعقووب دەکوژرێت.

ئەو ڕووداوە بە هۆکاری نادیار لە بەرامبەر مەزگەوتی قۆبا هەڵکەوتوو لە چوارڕێیانی پشتکۆی شاری خاش ڕوویداوە.

بە وتەی شایەت حاڵەکان، ماتۆڕسوارەکان چوار کەس بوون کە بە جلوبەرگی ناوچەیەوە دەستڕێژیان کردووتە سەر ئەو هاووڵاتییانە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ بەرپرسێکی حکوومەتی هیچ لێدوانێکی سەبارەت بەو ڕووداوە لە ڕاگەیەنە حکوومەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نەداوە.

شاری خاش بە ڕووبەری ٢٣١٠٥کیلۆمێتری چوار گۆشە لە ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلوچستان هەڵکەوتووە، ئەو شارە خاوەنی ٣ بەخش، ١٢ شارۆچکە و ٧٧٩گوندە.