کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خنکانی لاوێکی تەمەن ۲٠ ساڵ لەچۆمی \"کەڵوێ\"ی سەردەشت

16:20 - 20 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: لاوێکی کوردی خەڵکی یەکێک لەئاواییەکانی ناوچەی سەردەشت لەکاتی مەلەکردن لە چۆمی کەڵوێدا خنکاوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی ١٩ی پووشپەڕ لاوێک بە ناوی زانیار ئیبراهیمی تەمەن ٢٠ سال لەچۆمی کەڵوێدا سەرقاڵی مەلەکردن بووە کە بە هۆی لەدەست دانی کۆنترۆڵی خۆی و خوڕ بوونی ئاوەکە خنکاوە.

ئەو لاوە کوردە دانیشتووی ئاوایی شێخسێی سەردەشت بووە.

لەلایەکی دیکەوە چەند رۆژ لەمەوبەریش لاوێکی کوردی خەڵکی جوانڕۆ بەناوی ئازاد حوسێن زادە تەمەن ٢٩ ساڵ لە نزیک ئاوایی شێخان لەرووباری سیرواندا خنکابوو.

لەوەرزی هاوین و گەرمادا بەشێک لەهاووڵاتیانی کورد بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش و مەلە کردن روو دەکەنە لێواری رووبار و چۆماوەکانی کوردستان کە ساڵانە شایەتی گیان لەدەست دانی بەشێک لەو هاووڵاتیانن.

نەبوونی لەمپەڕ لە قەراخ رووبار و چۆماوەکان، نەبوونی تابڵۆی ئاگادارکردنەوە سەبارەت بە شوێنە مەترسیدارەکان، هەروەها نەبوونی خزمەتگوزاری فریاکەوتن لە هۆکارە سەرەکییەکانی خنکانی هاووڵاتیان لە نێو رووبارەکان دان.