کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی رێژەی کڕینی نەوتی ئێران لەلایەن کورەی باشوورەوە

12:43 - 28 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: لە درێژەی رەوتی دابەزینی هاوردەی نەوتی ئێران لەلایەن کڕیارانی سەرەکیی نەوتی ئەو وڵاتەوە، کورەی باشووریش، رێژەی هاوردەی نەوتی لە ئێران کەم کردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی رویترز، کڕینی نەوتی ئێران لەلایەن کورەی باشوور، پێنجەمەین هاوردەکەری گەورەی نەوتی ئێران، لەگەل دابەزین بەروەڕوو بووەتەوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، کورەی باشوور لە مانگی رابردووی زایینیدا ٢٧٣ هەزار و ٦٢٦ تۆن، کە هاوسەنگە لەگەڵ ٦٤ هەزار و ٦٩٩ بەرمیل لە رۆژدا لە وڵاتی ئێران نەوتی هاوردە دەکرد، لە حاڵێکدا کە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا ئەم رێژەیە ٢٧٥ هەزار و ١٦٩تۆن بووە.

لەم پەیوەندییەدا، ماوەیەک لەمەو پێش، دەوڵەتی هێند کە یەکیك لە کڕیارانی گەورەی نەوتی ئێرانە بە مەبەستی دابەزاندنی هاوردەی نەوت لە ئێران، بە پاڵاوگە نەوتییەکانی خۆی فەرمانی داوە کە رێژەی کڕینی نەوت لە ئێران کەم بکەنەوە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە گەمارۆ ئابوورییە نەوتییەکانی دژی رێژیمی ئێران لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، هەناردەی نەوتی خاوی لە سەدا ٥٠ دابەزاندووە و داهاتی نەوتی رێژیمی ئێرانی دەیان میلیارد دولار دابەزاندووە.

دابەزینی داهاتە نەوتییەکانی رێژیمی ئێران بووەتە هۆی ئەمەیکە وەزیری نەوت رابگەیەنێت کە لە ساڵی داهاتوودا سەرمایەگوزاری وەزارەتی نەوت، سیفر دەبێت.

گەمارۆکانی کۆمەڵگای جیهانی بە دژی رێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی لە ٦ ساڵ لەمەوبەرەوە لە بوارەکانی ئابووری، زانستی، سیاسی و فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە داسەپا.

گەمارۆ ئابوورییەکان کە بە وتەی کارناسان هیچ کاریگەرییەکی لە سەر بارودۆخی بەرەو پێش نەچوونی بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئێران نەبووە، بەڵام لە سەر بارودۆخی ئابووریی ئێران کاریگەریی خراپی بووە.

ئاویەر.ت